ئەمساڵ لە سلێمانی دەست بەسەر '450 کیلۆ' مادەی هۆشبەردا گیراوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەفسەرێکی یاسایی لە بەشی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان دەڵێت، لە هەشت مانگی رابردوودا لە سلێمانی دەست بەسەر زیاتر لە 450 کیلۆ مادەی هۆشبەردا گیراوە. هەروەها نزیکەی 250 کەسیش دەستگیرکراون، کە بازرگان یان بەکارهێنەری مادەی هۆشبەر بوون.
رۆژی یەکشەممە 20-08-2023، عەقید سامان ئیسماعیل، ئەفسەری یاسایی لە بەشی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان لە سلێمانی، لەکاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی کاژێر 10:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە ئارێز خالید پێشکێشی کرد، رایگەیاند، ئەمساڵ بەراورد بە ساڵانی رابردوو، "رێژەیەکی کەمتر لە بازرگانان و بەکارهێنەرانی مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون و لەوبارەوە ئامارەکان دڵخۆشکەرن."
سامان ئیسماعیل ئاماژەی بەوە کرد، لە ماوەی هەشت مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، لە سلێمانی نزیکەی 250 کەس دەستگیرکراون کە زیاتر لە 100 کەسیان بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر بووە و ئەوانەی دیکەش بەکارهێنەری مادەکەن. گوتیشی، نزیکەی 15 بۆ 25 کەس لە دەستگیرکراوان ئافرەتن، کە سەرجەمیان بەکارهێنەر بوون.
وەک ئەو ئەفسەرەی نەهێشتنی مادەی هۆشبەر دەڵێت، تەمەنی گەنجترین ئالوودەی مادەی هۆشبەر کە لە سلێمانی دەستگیرکراوە، لە نێوان 17 بۆ 18 ساڵ بووە و بەرزترین رێژەی تەمەنیش لە بازرگاناندا 50 بۆ 55 ساڵ بووە.
سامان ئیسماعیل ئاماژەی بەوە دا، بە پاڵپشتیی هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆ، هەندێک رێکاری نوێ بۆ بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر گیراونەتەبەر و خەڵک بە شێوازێکی باشتر لە مەترسییەکانی بەکارهێنانی ئەو مادەیە ئاگادارکراونەتەوە، بۆیە رێژەی دەستگیرکردنیش تاڕادەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.
ئەو ئەفسەرە یاساییە لە بەشی نەهێشتنی مادەی هۆشبەر باس لەوە دەکات، لەو هەشت مانگەدا دەست بەسەر نزیکەی 450 بۆ 500 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر کە زیاتر لە جۆری کریستاڵ بووە و لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانەوە هاوردە کراوە.
بەپێی ئامارەکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 2021ـدا، لە هەولێر و دهۆکیش هەزار و 943 کەس بە تاوانی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەرەوە دەستگیرکراون و زیاتر لە 374 کیلۆگرام مادەی هۆشبەریش دەستی بەسەرداگیراوە؛ لە ساڵی 2022 ژمارەی دەستگیرکراوان بووەتە دوو هەزار و 103 کەس و زیاتر لە 201 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر دەستی بەسەرداگیراوە.
هەر ئەمڕۆ یەکشەممە ئەرکان عومەر، ئەفسەر لە بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان میوانی بووڵتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە زانا کایانی پێشکێشیکرد و رایگەیاند، بەکارهێنانی دەرمان بەبێ رێنمایی پزشک یەکێک لە هۆکارەکانی تووشبوون بە مادەی هۆشبەرە و دەشڵێت، "هەرێمی کوردستان کەوتووەتە سەر هێڵی گەرمی گواستنەوەی جیهانیی مادەی هۆشبەر کە ئەوەش هۆکارە بۆ ئالوودەبوونی ژمارەیەکی زیاتر لە هاووڵاتییان."
بەگوتەی ئەرکان عەلی، ئەوەی کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان وەکو مەترسیدارترین جۆری مادەی هۆشبەر دەناسرێت، حەبی کاپتاگۆنە کە لە وڵاتانی دراوسێیەوە هاوردە دەکرێت، "بەڵام لە هەرێمی کوردستان بەکارهێنەری ئەم جۆرە حەبە یان نییە یان بە رێژەیەکی زۆر کەمە، ئەوەی دەستیشمان بەسەرداگرتووە، زیاتر ویستوویانە بە شێوەی ترانزیت بیگوێزنەوە بۆ وڵاتانی دیکە."
کاپتاگۆن مادەیەکی وزەبەخشە و لە شەڕی داعشدا لەلایەن چەکدارانەوە بەکاردەهێنرا. حەبەکە هێزێکی جەستەیی رادەبەدەر و توانای مانەوە بە چالاکی و بێ خەوتن بۆ ماوەی زیاتر لە سێ رۆژ دەداتە بەکارهێنەرەکەی. بەکارهێنان و بازرگانیکردن بەو حەبە، زیاتر لە ناوچە و شارەکانی خواروو و نێوەڕاستی عێراق دەبینرێت.
نزیکەی 80٪ی مادە هۆشبەرەکە لە ناوچەکەدا، لە سووریا بەرهەمدێت و بە تورکیا، سووریا، عێراق، ئوردن، لوبنان و سعودیە بڵاوبووەتەوە.
بەگوێرەى ئامارى بەڕێوەبەرایەتیی رووبەڕبوونەوەى مادەى هۆشبەری عێراق، لە ساڵى 2022ـدا زیاتر لە 14 هەزار کەس بە تۆمەتى بەکارهێنان و قاچاخی بە مادەى هۆشبەر دەستگیرکراون، کە 500 کەسیان ژن و مێرمنداڵ بوون.