لە دەربەندیخان 14 هاووڵاتیی ئەفغانستان دەستگیرکران
رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری قەزای دەربەندیخان 14 هاووڵاتیی ئەفغانستان لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە دەستگیرکران، کە بەنیازبوون لەوێوە بچنە ناوەڕاست و خوارووی عێراق.
رۆژی یەکشەممە 20ی ئابی 2023 سلێمان محەممەد، قایمقامی قەزای دەربەندیخان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لەنێوان کەلار و دەربەندیخان و نزیک پردی قەترە، 14 کەس دەستگیرکراون، کە ویستوویانە بە قاچاخ بچنە شارەکانی دیکەی عێراق.
ئەو 14 کەسە بە ئۆتۆمبێلێک براونەتە نزیک پردی قەترە و دابەزێندراون و پێیان گوتراوە ئۆتۆمبێلێکی دیکە دێت و دەتانگەیێنێت، بەڵام پێش ئەوەی ئۆتۆمبێلی دووەم بگات لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە دەستگیرکراون.
ئەمە جاری یەکەم نییە کەسانی بیانی لەو سنوورە دەستگیر بکرێن، رۆژی 27ی ئایاری ئەمساڵ قایمقامی دەربەندیخان بە رووداوی گوت، لە ناوچەی پیشەسازیی دەربەندیخان 16 هاووڵاتیی پاکستانییان دەستگیر کردووە.