دەستەی ژینگە: لە نیو سەدەدا نیوەی دارستانەکانی هەرێمی کوردستان سووتاون

 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی دەستەی چاککردن و پاراستنی ژینگەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە 50 بۆ 60 ساڵی رابردوودا 50%ی دارستانەکانی هەرێمی کوردستان سووتاون؛ لە ساڵی 2009 تاوەکو 2022 زیاتر لە یەک ملیۆن دۆنم دارستان سووتاون.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 20ی ئابی 2025 سەنعان عەبدوڵڵا، گوتەبێژی دەستەی چاککردن و پاراستنی ژینگەی هەرێمی کوردستان لە بووڵتەنی کاژێر 07:00ی تۆڕی میدیایی رووداو میوان بوو، کە سیما ئابخێزر پێشکێشی کرد.
 
گوتەبێژی دەستەی چاککردن و پاراستنی ژینگەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "گۆڕانی کەشوهەوا هۆکارە بۆ زیادبوونی ئاگرکەوتنەوە، لافاو و زریانەکان لە جیهاندا، لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، ئاگرکەوتنەوە زیادی کردووە. لە هەرێمی کوردستانیش سووتان کاریگەریی نەرێنیی زۆری لەسەر ژینگە هەیە."
 
لەبارەی هۆکاری زیادبوونی ئاگرکەوتنەوە، گوتەبێژی دەستەکە روونیکردەوە، "هۆشیاری و ململانێ کۆمەڵایەتییەکان هۆکارێکن بۆ زیادبوونی سووتانی دارستانەکان؛ لە 50 بۆ 60 ساڵی رابردوودا 50%ی دارستانەکانی هەرێمی کوردستان بە هۆکاری سیاسی، سەربازی و سرووشتی سووتاون."
 
سەبارەت بە زیان و لێکەوتەکانی ئاگرەکەی سنووری هەڵەبجە، سەنعان عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوە دا، "یەکێک لە زیانەکانی ئەوەیە کە کوالێتیی هەوا دادەبەزێت و گازە ژەهراوییەکان زیاد دەکات، بە تایبەتی گازە کاربۆنییەکان. هاوکات کوالێتیی خاکەکە خراپ دەبێت و زیندەوەران لەناودەبات."
 
گوتەبێژی دەستەی چاککردن و پاراستنی ژینگەی هەرێمی کوردستان گوتی، "لە ساڵی 1950 نزیکەی پێنج ملیۆن رووبەری دارستانمان هەبووە؛ ئێستا نیوەی ئەم ژمارەیەمان لەدەست داوە، لە ساڵانی 2009 تاوەکو 2022 نزیکەی زیاتر لە یەک ملیۆن دۆنم دارستانمان لەدەست داوە. ئەمەیش لەناوچوونی بەشێکی مێژووی دارستانەکانیشمان دەگرێتەوە."
 
داری دارستانەکانی هەرێمی کوردستان، دار بەڕوو، دار چنار و کۆمەڵێکی دیکەن کە بەرگەی سەرما و گەرمای زۆر دەگرن.
 
لەبارەی کاریگەرییە درێژخایەنەکانی ئاگرکەوتنەوە لەسەر دارستانەکاندا سەنعان عەبدوڵڵا روونیکردەوە، "دروستبوونی دارستان بە چەندین ساڵ کارکردنی دەوێت، بەڵام لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوە زیانێکی زۆری بەردەکەوێت و 50 ساڵی پێویستە تاوەکو دارستانێک دەژیێتەوە. هۆشیاری خەڵک و بوونی تەکنەلۆجیای نوێ بۆ کوژاندنەوەی ئاگر زۆر گرنگە، پێویستە پارێزگاری لە دارستانەکان بکرێت."
 
لەبارەی خۆپاراستن و پاراستنی دارستانەکانەوە گوتەبێژی دەستەی ژینگە دەڵێت، "پێویستە هاونیشتمانیان هاوکاری تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە بکەن و تەکنەلۆجیای سەردەم بخرێتە خزمەت پرسەکەوە؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستە گرنگی بە بابەتەکە بدات و ئاگربڕ بۆ دارستانەکان دروست بکات."
 
بەهۆی قوربانییەکانەوە، دوێنێ پارێزگای هەڵەبجە ماتەمینی گشتی بۆ ماوەی دوو رۆژ راگەیاند و ئاماژەی بەوەکرد "ئاڵای کوردستان لەسەر سەرجەم دامودەزگا فەرمییەکانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە بۆ نیوە دادەگیرێت."
 
ئەو دوو کەسەی گیانیان لەدەستداوە یەکەمیان ئاری موختاری ژینگەپارێز بوو، ئەوی دیکەش محەممەد شێخ حەیدەر، پۆلیسی دارستان بوو.