کۆمیسیۆن لەسەر پارە نەدان و بڕوانامەی کۆن دوو بەربژێر لە کەرکووک و سلێمانی دووردەخاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەربژێرێکی یەکێتى کۆچى دواییکردووە و گۆڕدراوە بە بەربژێرێکى دیکە، بەربژێرێکی دیکە لە کەرکووک بەهۆی نەدانی رسوماتەوە گۆڕدراوە، بەربژێرێکى دیکەى لیستى نەوەى نوێ بەهۆى ئەوەى "بڕوانامەکەى کۆن" بووە دوورخراوەتەوە، کۆمیسیۆن سێ رۆژی مۆڵەت داوەتە لیستەکان بۆ گۆڕینی ئەو بەربژێرانەی دوورخراونەتەوە.
ئەو بڕیارانە لەلایەن ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە دەرکراون، کە پەیوەندیدارن بە قۆناخی وردبینی و لێکۆڵینەوە لە بەربژێران بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و بڕیارە لە 11ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بکرێت.
32 بەربژێر بەهۆى بەڵگەنامەکانیان دوورخرانەوە
بەگوێرەى بڕیارێک کە ئەنجوومەنى کۆمیسیاران لە 20ـی ئاب واژۆى کردووە، 32 بەربژێرى هەڵبژاردن دوورخراونەتەوە بەهۆى ئەوەى کەموکورتى لە بڕوانامەکانیان هەبووە، یان لە بنەڕەتدا بڕوانامەیان نەبووە.
لیستى هاوپەیمانیى عومقى وەتەنى پشکى شێرى لە دوورخستنەوەى بەربژێرەکان بەرکەوتووە، کە 8 بەربژێر بووە.
یەکێک لە بەربژێرە دوورخراوەکان لە ریزبەندى 7ـی لیستى نەوەى نوێ بووە لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى، بەناوى موبارەک حوسێن ساڵح، بەگوێرەى بڕیارەکەى کۆمیسیۆن، ئەو بەربژێرە بەگەڵنامەى بڕوانامەکەى "کۆن" بووە.
ئەنجوومەنى کۆمیسیاران لە بڕیارێکى دیکەدا 13 بەربژێرى ئاگادار کردووەتەوە کە لە ماوەى 72 کاژێردا بەڵگەى پێویستى رەتکردنەوە بدەنە کۆمیسیۆن، کە لەبارەى بوونى فەرمانى دەستگیرکردن و دەستگرتن بەسەر ماڵ و موڵکیاندا یان ئەگەر هەیە ناوەکانیان لێکچوو بێت.
بەربژێرێکی یەکێتی کۆچی دواییکرد و گۆڕدرا
یەکێک لە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران، گۆڕینی بەربژێرێکە لە لیستی هاوپەیمانیی یەکێتیی ئەهلی نەینەوا، کە لیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە لە سنووری پارێزگای نەینەوا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.
خەلیل حەجی یوسف، کە لە ریزبەندی 62ـی ئەو لیستە بووە، بەهۆی ئەوەی کۆچی دواییکردووە، گۆڕدراوە بە بەربژێرێکی دیکە بە ناوی ئەحمەد عەزیز محەممەد.
محەممەد کاکەیی، سەرۆکی لیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو بەربژێرە زیاتر لە 20 رۆژە کۆچی دواییکردووە، کە کوردێکی شهبهک بوو و گۆڕدراوە بە بەربژێرێکی عەرەب."
بەربژێرێکی کۆتای ئێزدییەکان دوورخرایەوە
ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بەربژێرێکی بەناوی خودێدا جوقی حوسێن هسکانی دوورخستووەتەوە، کە بەربژێری کۆتای ئێزدی بووە لە سنووری پارێزگای نەینەوا.
ئەو بەربژێرە ژمارە 312 بوو لە سنووری پارێزگای نەینەوا بۆ ئەو کورسییەی بۆ کۆتای ئێزدییەکان لەو پارێزگایە بۆ پەرلەمانی عێراق دیاریکراوە.
دوورخستنەوەی ئەو بەربژێرە لەسەر بنەمای سەرپێچیکردنی بڕگەی سێی مادەی حەوتی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکانە، کە تایبەتە بەو بەربژێرانەی پێشینەی تاوانیان هەیە.
بەربژێرێک لە کەرکووک پارەی نەدا و دوورخرایەوە
یەکێکی دیکە لە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران، دوورخستنەوەی یونس عیدان سوڵتانە، کە بەربژێری ریزبەندیی 17ـی لیستی پارتی عومرانە.
بەگوێرەی بڕیارەکە، ئەو بەربژێرە ئەو بڕە پارەیەی نەداوە کە پێویست بووە وەک رسوماتی وردبینی لە شیاوی بۆ بەربژێر بوون بیدات.
بەپیی بڕگەی دووی مادەی 6ـی رێنماییەکانی تۆماری بەربژێرانی کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، لە سێ قۆناخی جیاوازدا بڕی 317 هەزار دینار لە بەربژێران وەردەگیرێت، وەک رسوماتی وردبینیکردنی دۆسیەکانیان لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ، پەروەردە، دەستەی لێپرسینەوە و دادوەری.
بەگوێرەی بڕیارەکەی کۆمیسیۆن، ریزبەندیی ئەو بەربژێرە دوورخراوەیە شوێنەکەی بە بەتاڵی دەمێنێتەوە و پڕناکرێتەوە.
سێ رۆژ مۆڵەتە بۆ گۆڕینی بەربژێرە دوورخراوەکان
ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە 19ـی ئاب بڕیاری دا کە رێگە بدرێت بە پارت و هاوپەیمانییەکان بۆ گۆڕینی ئەو بەربژێرانەی کە دووردەخرێنەوە، تاوەکو بیانگۆڕن بە بەربژێری دیکە. وادەکە لە رۆژی بڵاوکردنەوەی بڕیاری دوورخستنەوەیان لە ماڵپەڕی ئەلیکترۆنیی کۆمیسیۆن دەستپێدەکات.
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو بڕیارە بۆ ئەوەیە پارت و هاوپەیمانییەکان پەلە بکەن لە گۆڕینی بەربژێرە دوورخراوەکانیان.
عیماد جەمیل گوتى: "ئەو بڕیارە بەربژێرانى سەربەخۆ و کۆتاى پێکهاتەکان ناگرێتەوە، ئەگەر دووربخرێنەوە جێگەیان پڕ ناکرێتەوە."