ئەم ساڵ نزیکەی 3000 هێکتار دارستان و لەوەڕگە لە کرماشان سووتاوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری سەرچاوە سرووشتییەکانی پارێزگای کرماشان رایگەیاند؛ لە سەرەتای بەهاری ئەم ساڵەوە تاوەکو ئێستا بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی پارێزگای کرماشان نزیکەی 3000 هێکتار دارستان و لەوەڕگە سووتاوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 20ـی ئابی 2025 محەممەد حوسێن روستەمی، بەڕێوەبەری سەرچاوە سرووشتییەکانی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، بەراورد بە پار ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی پارێزگای کرماشان 22٪ کەمی کردووە. لە ماوەی 5 مانگدا 77 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە نێو دارستانەکانی پارێزگاکە تۆمارکراون و بەهۆیەوە دوو هەزار و 744 هێکتار دارستان و لەوەڕگە سووتاوە.
محەممەد حوسێن روستەمی گوتی، "بەهۆی جەنگی 12 رۆژە، 19 جار رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە نێو دارستانەکانی پارێزگاکە تۆمارکراون کە بەوهۆیەوە هەزار و 338 هێکتار دارستان و لەوەڕگە سووتاوە".
بە گوتەی روستەمی، بەشێکی ئاگرکەوتنەوەکان لە پارێزگای کرماشان بە دەستی ئەنقەست و بەهۆی ناکۆکییە ئەتنیکی و خێڵەکییەکانەوەیە.
رووبەری پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە دوو ملیۆن و 500 هەزار هێکتارە، کە یەک ملیۆن و 630 هەزار هێکتاری دارستان و لەوەڕگەیە.