لە سنە 14 مامۆستا سزا دەدرێن؛ زۆربەیان بڕوانامەی ماستەریان هەیە

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی پەروەردەی ئێران سزای دەرکردنی ئەندامانی بەڕێوەبەریی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی قوتابخانەی شاری سنەی پەسند کرد و 14 مامۆستا بەشێوەی هەمیشەیی یان کاتی لەسەر کار دەرکران.
 
ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان لە شاری سنە رایگەیاند، دەستەی پێداچوونەوە بە سکاڵاکانی سەرپێچیی ئیداری لە وەزارەتی پەروەردەی ئێران سزادانی 14 مامۆستای ئەو شارەی پەسند کردووە و بەشی زۆریان بە دەرکردن یان خانەنشینی ناچاری سزادراون. ئەو کەسانەی سزادراون ساڵی 2024 وەکو ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی قوتابخانەی شاری سنە هەڵبژێردراون و دوای هەڵبژاردنیان لە پەروەردەی سنە، دۆسیە دژیان کرایەوە.
 
بەپێی بڕیاری کۆتایی وەزارەتی پەروەردەی ئێران، مەجید کەریمی بە 23 ساڵ ئەزموونی مامۆستایەتی، غیاس نیعمەتی بە 17 ساڵ ئەزموون و هەروەها 8 مامۆستای دیکە بە دەرکردنی هەمیشەیی سزا دراون. هەروەها سەلاح حاجی میرزایی بە دوورخستنەوە لە مامۆستایەتی بۆ ماوەی ساڵێک و نەسرین کەریمی و لەیلا زارعی بە دابەزاندنی پلەی مامۆستایەتی و خانەنشینی ناچاری سزا دراون. فەیسەل نووریش بە پێنج ساڵ دوورخرانەوە بۆ کرماشان سزا دراوە. 
 
زۆربەی ئەو مامۆستایانەی سزادراون، بڕوانامەی ماستەریان هەیە.
 
ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان لە شاری سنە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، ئەو ئەنجوومەنە 20 ساڵ پێش ئێستا بەشێوەی یاسایی بە ئامانجی گەیاندنی داواکارییەکانی مامۆستا و قوتابییان مۆڵەتی چالاکی لە وەزارەتی نێوخۆی ئێران وەرگرتووە. دەشڵێت، کۆبوونەوەی هەڵبژاردنی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەنجوومەنەکە لە ساڵی 2024 بە ئاگاداری پارێزگاری سنە و بە شێوەی ئۆنلاین و ئاشکرا بەڕێوەچووە.
 
لە ساڵی 2018ـەوە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، مامۆستایانی قوتابخانە لەسەر داوای ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایان چەندین جار گردبوونەوە و مانگرتیان بەڕێوەبردووە بۆ داواکردنی خواستە پیشەیی و پەروەردەییەکانیان. 
 
بەپێی ئاماری ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی ئێران، لەو ماوەیەدا بە سەتان مامۆستا بە دەرکردن، دوورخرانەوە، بەندکران و دابەزاندنی پلەی مامۆستایەتی سزا دراون.