شەممە یەکەم رۆژی وەرزی پاییزە
رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، سبەی پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە. گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەمساڵ 23ـی ئەیلوول یەکەم رۆژی پاییزە.
رۆژی چوارشەممە 20ـی ئەیلوولی 2023، بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی هەرێمی کوردستان کە سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستانە، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، بەراورد بە ئەمڕۆ، سبەی پلەی گەرما "کەمێک" بەرز دەبێتەوە.
شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، پلەی گەرما لەم چەند رۆژەدا جێگیر دەبێت. گوتیشی، "لە 25ـی ئەیلوولەوە پلەی گەرما بەشێوەی بەرچاو دادەبەزێت و هەست بە فێنکی دەکرێت."
لەبارەی یەکەم رۆژی وەرزی پاییزەوە، هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، دیلان رەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، 23ـی مانگ یەکەم رۆژی پاییزە لە نیوەگۆی باکووری زەوی، کە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.
هەروەها ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەری کەشناسیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەمساڵ 23ـی ئەیلوول کە دەکاتە شەممەی داهاتوو یەکەم رۆژی پاییزە. گوتیشی، "ساڵ هەیە پاییز دەکەوێتە 24ـی ئەیلوولەوە، ئەویش بەگوێرەی رۆژژمێر؛ لە یەکەم رۆژی پاییزدا کاتەکانی شەو و رۆژ یەکسان دەبن."
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەی گەرما سبەی لە باشووری کوردستان بەمشێوەیەی خوارەوە دەبێت:
هەولێر؛ 38 پلەى سیلیزى
سلێمانی؛ 36 پلەى سیلیزى
دهۆک : 37 پلەى سیلیزى
کەرکووک؛ 40 پلەى سیلیزى
هەڵەبجە؛ 38 پلەى سیلیزى
زاخۆ؛ 39 پلەى سیلیزى
حاجی ئۆمەران؛ 24 پلەى سیلیزى
سۆران؛ 37 پلەى سیلیزى
گەرمیان؛ 41 پلەى سیلیزى