پۆلیسی هەرێمی کوردستان: ئەوانەی چەکەکانیان تۆمارکردووە ئەگەر مۆڵەتیان پێنەدرا، دەتوانن چەکەکە بفرۆشن
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی بۆ ماوەی دوو مانگ تۆمارکردنی چەک بە مەبەستی پێدانی مۆڵەت لە هەرێمی کوردستان درێژکرایەوە، سبەی دوایین رۆژی هەڵمەتەکەیە. پۆلیسی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "زیاتر لە 17 هەزار چەک تۆمارکراون و جارێکی دیکە کاتی تۆمارکردن درێژ ناکەنەوە".
رۆژی چوارشەممە 20ـی ئەیلوولی 2023، موقەدەم کارزان ئەمیر، گوتەبێژی پۆلیسی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "21ـی تەممووز تۆمارکردنی چەک بۆ مۆڵەت وەرگرتن کۆتاییهات و دوو مانگ درێژمان کردەوە، سبەی دوایین رۆژە و جارێکی دیکە کاتەکە درێژ ناکەینەوە".
بەگوتەی موقەدەم کارزان، تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر 17 هەزار پارچە چەکی ئاگرین کە زۆرینە دەمانچە و کڵاشینکۆف بوون لەلایەن بنکەکانی پۆلیسەوە تۆمارکراون.
گوتەبێژی پۆلیسی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، ئەوانەی چەکەکانیان تۆمارکردووە هیچیان مۆڵەتیان پێنەدراوە و تەنیا ناو و چەکەکانیان لەنێو فۆڕمێکدا تۆمارکراوە. گوتیشی، "وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و ئەنجوومەنی وەزیران هەشت لیژنە پێکدەهێنن بۆ پێداچوونەوە بە فۆڕمەکاندا و ئەوەی شیاو بێت مۆڵەتی پێدەدەن".
30ـی تەممووزی2023، وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند، "ئەو هاووڵاتییانەی هێشتا چەکی تۆمارنەکراویان لە ماڵەکانیان هەیە و مەبەستیانە ئەو چەکە بکەنە فەرمی و خۆیان لە لێپرسینەوەی یاسایی بپارێزن، بەگوێرەی مادەی 12، بڕگەی یەکەم لە یاسای چەک، لە دوای بەرکاربوونی یاسای چەک، دوو مانگ مۆڵەت هەیە کە خۆیان هەواڵ بدەن لە هەبوونی چەکی بێ مۆڵەت و داوای مۆڵەت بکەن، تاوەکو لە سزا ببووردرێن".
درێژکردنەوەی ماوەی دوو مانگ بۆ تۆمارکردنی چەک بەهۆی ئەوەوەبوو، کە یاسای چەک لەکاتی جێبەجێ کردندا، دوو مانگ بوار دەدات کە خەڵک بتوانن چەکەکانیان تۆمار بکەن.
چارەنووسی ئەوانەی چەکەکانیان تۆمارکردووە و مۆڵەتیان پێنادرێت
گوتەبێژی پۆلیسی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، پێدانی مۆڵەتی چەک دوو جۆر دەبێت؛ جۆری یەکەم بۆ هەبوونی چەکە تەنیا لە ماڵەوە، جۆری دووەمیش بۆ هەڵگرتنی چەکە، ئەوەش دوای ئەوەی لیژنەکە رەزامەندی دەرببڕێت بە داوای خاوەنی چەکەکە و بەوە بگات، کە کەسەکە پێویستی بە چەکەکە و مۆڵەتەکەیە.
موقەدەم کارزان ئەمیر ئاماژەی بەو کەسانە کرد کە چەکەکانیان تۆمار کردووە و دواتر لیژنەکە مۆڵەتیان پێنادات و گوتی، "ئەوانەی لیژنەکە مۆڵەتیان پێنادات چەکەکانیان لێ ناسێندرێت، بەڵکو بڕیاری دروستکردنی کۆمەڵگەی چەک فرۆشتن لەژێر چاودێریی وەزارەتی ناوخۆ دەدرێت و لەوێ بەو فۆڕمەی پڕیانکردووەتەوە دەتوانن چەکەکانیان بفرۆشن".
گوتەبێژی پۆلیسی هەرێمی کوردستان جەختیکردەوە، "سبەی دوایین مۆڵەتە و هەرکەس چەکەکەی تۆمار نەکردبێت لە 22ـی ئەیلوولەوە بەگوێرەی یاسای چەک مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت".
یاسای چەک و سزاکان
بەگوێرەی مادەی 15ـی یاسای ژمارە 2ـی چەک لە هەرێمی کوردستان کە لە رۆژی 1-3-2022 لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە پەسەندکراوە، سزای هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت یان هەبوونی لە ماڵەوە، یان فرۆشتنی یان چاککردنەوە و دەستاودەستکردنی، بریتی دەبێت لە بەندکردن بە ماوەیەک لە یەک ساڵ کەمتر نەبێت و لە سێ ساڵ زیاتر نەبێت، هەروەها پێبژاردنێک لە دوو ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.
بەگوێرەی یاساکە، ئەو کەسەی چەک هەڵدەگرێت، دەبێت تەمەنی لە 21 ساڵ کەمتر نەبێت و کێشەی دەروونی و جەستەیی نەبێت، پێشینەی تاوان و ئەمنی نەبێت، هەروەها پاساوێکی گونجاوی هەبێت بۆ هەڵگرتنی چەک.
لە ماوەی وەرگرتنی فۆڕمی تۆمارکردنی چەکدا، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە رێگەی 90 بنکەوە چەکی هاونیشتمانییانی تۆمار دەکرد.
19ـی تەممووز، هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تاوەکو نێوەڕاستی تەممووز زۆرترین چەک لە پارێزگای دهۆک تۆمارکرا بوو؛ لە هەولێر و سۆرانیش پێشوازییەکی "باش" کرابوو؛ لە پارێزگای سلێمانی کەمترین تۆمارکرابوو.