لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە ئیلام دوو کەس گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە شاری مەلکشای پارێزگای ئیلام دوو کەس گیانیان لەدەستدا و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.
رووداوەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 20ی ئەیلوولی 2025 لە نزیک تونێلی کەبیر کوی شاری مەلکشای روویدا.
هاونیشتمانییەک بە رووداوی راگەیاند، رووداوەکە بەهۆی وەڕگەڕانی ئۆتۆمبێلێکی تایبەتی جۆری پیژو و بەربوونەوەی بۆ ناو دۆڵێک بووە؛ لە ئەنجامدا دوو سەرنشینی ئۆتۆمبێلەکە دەستبەجێ گیانیان لەدەستدا.
بە گوتەی ئەو هاونیشتمانییە، دوو کەسی دیکەش برینداربوون کە برینەکانیان سەختە.
هاونیشتمانییەکە ئاماژەی بەوەشکرد، تەرمی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە براونەتە دادپزیشکی و بریندارەکانیش بۆ نەخۆشخانەی ئیلام گوێزراونەتەوە.
بەگوێرەی دادپزیشکیی ئێران، لە 21-03-2024 تاوەکو 21-03-2025، 20 هەزار و 45 کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە.