دوو گەشتیاری بریندار لە گەلیی وێژدەروەنی ئیلام رزگارکران

 
رووداو دیجیتاڵ

دوو گەشتیاری خەڵکی ئیسفەهان کە بەهۆی کەوتنەوەخوارەوە لە بەرزاییەکانی ناوچەی گەشتیاریی (گەلیی وێژدەروەن) لە ئیلام بە سەختی بریندار ببوون، دوای چەندین کاژێر لە مانەوەیان لەو شوێنە لە لایەن تیمەکانی مانگی سووری ئیلامەوە رزگارکران و بۆ نەخۆشخانە گوێزرانەوە.
 
رۆژی شەممە، 20ی ئەیلوولی 2025، حەمزە محەممەدی موقدەم، بەڕێوەبەری کۆمەڵەی مانگی سووری پارێزگای ئیلام رایگەیاند، رۆژی هەینی کاژێر 4ی بەرەبەیان ئاگادارکرانەوە کە دوو گەشتیار لە ناوچەی گەشتیاریی وێژدەروەن لە بەرزاییەوە کەوتوونەتە نێو گەلییەوە و بە سەختی بریندار بوون.
 
حەمزە محەممەدی موقدەم گوتی: "دەستبەجێ تیمەکانی فریاکەوتن و رزگارکردنمان بە کەرەستە و کەلوپەلی تایبەتەوە بۆ ناوچەکە نارد. تیمەکانمان دوای تێپەرکردنی رێگەیەکی سەخت و شاخاوی گەیشتنە شوێنی گەشتیارە بریندارەکان و پرۆسەی رزگارکردنی دوو گەشتیارەکەیان دەستپێکرد."
 
بەڕێوەبەری مانگی سووری ئیلام دەڵێت: "هەردوو گەشتیارەکە خەڵکی شاری ئیسفەهانن و بەهۆی کەوتنەخوارەوە لە بەرزاییەوە تووشی شکانی پێ ببوون و نەیاندەتوانی بجووڵێن، بۆیە دوای ئەوەی فریاگوزاریی سەرەتاییان بۆ کرا، گەشتیارە بریندارەکان لە لایەن تیمەکانی مانگی سوورەوە لە دۆڵەکە دەرهێنران و بۆ ناوچەیەکی سەلامەت گوێزرانەوە."
 
بە گوتەی حەمزە محەممەدی موقدەم، ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی دوو گەشتیارە بریندارەکە کە لە کاژێر 04:00ی بەرەبەیانی هەینی دەستیپێکرد، لە کاژێر 23:30ی شەو بە سەرکەوتوویی کۆتایی هات و بۆ نەخۆشخانە گوێزرانەوە. 
 
گەلیی وێژدەروەن، ناوچەیەکی گەشتیاریی سرووشتییە لە پارێزگای ئیلام کە درێژییەکی 6 کیلۆمەترە و بەرزاییەکەی لە ئاستی دەریا 810 مەترە. ناوچەکە نزیکەی 20 کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری ئیلام و 50 کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری مەلەکشا دوورە.