سیستمی یەکپۆشی لە زانکۆی کەرکووک جێبەجێ دەکرێ
رووداو دیجیتاڵ
سبەی یەکشەممە وەرزی نوێی خوێندن لە زانکۆی کەرکووک دەستپێدەکات؛ سیستمی یەکپۆشی جێبەجێ دەکرێ و پۆشینی جلی تەسک و کورتیش قەدەخەیە.
د. عومەر ئینجە، راگری کۆلێژی ئاداب لە زانکۆی کەرکووک، ئەمڕۆ شەممە، 20-09-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سبەی یەکشەممە وەرزی نوێی خوێندنی ئەم ساڵ لە زانکۆی کەرکووک دەستپێدەکات و سیستمی یەکپۆشی پەیڕەو دەکرێ.
کۆلێژی ئاداب هەزار و 100 خوێندکاری هەیە و لە شەش بەش پێکدێت.
راگری کۆلێژەکە ئاماژەی بەوەشکرد، جگە لە یەکپۆشی، مەیکەپی تۆخ، پۆشینی جلی کورت و تەسک، ناشایستە و بەکارهێنانی ئێکسسوارات قەدەخەیە.
زانکۆی کەرکووک لە 19 کۆلێژ پێکدێ و نزیکەی 35 هەزار خوێندکار تێیدا دەخوێنن.
د. عومەر ئینجە گوتیشی، بابەتی یەکپۆشی بڕیارێکی پێشووی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی عێراقە، بەڵام هەموو زانکۆکان پێوەی پابەند نەبوون.
د. عومەر ئینجە باسی لەوەکرد، ئەم ساڵ نووسراوەکە لە زانکۆی کەرکووک گشتاندنی بۆ کراوە و جێبەجێ دەکرێ.