ئەمریکا: پەیەدە و پەکەکە وەک یەک نین

 رووداو-واشنتن

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند کە پەیەدە و پەکەکە وەک یەک نین لە یاسای ئەو وڵاتەدا.

لە وەڵامی پرسیارێکی هاوکارمان نامۆ عەبدوڵڵا لەبارەی ئەوەی کە ئایا ئەمریکا پەیەدە وەک پەکەکە بە گرووپێکی تیرۆریستی دەزانێ، ماری هارف جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت:" بە پێی یاسای ئەمریکا پەیەدە وەک پەکەکە نییە ."

دەقی گفتوگۆكە:

رووداو: ئایا دەتوانیت هەندێك زیاتر باسی چەكەكان بكەیت. دەزانم وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە، كە تێیدا دەڵێت ئەو چەكانە چەكی كوردی عێراقن.

ماری هارف: ئەوە دروستە.

 رووداو: دەتوانیت زیاتر باسی ئەوە بكەیت؟ بۆ چەكی خۆتان نەنارد؟

ماری هارف: هیچ شرۆڤەیەكم لەوبارەیەوە لانییە، بەڵام ئەوە موڵكی كوردی عێراق بوون، كە بریتی بوون لە چەك و پێداویستی تەندروستی. لەمە زیاتر وردەكاریم لانییە پێت بڵێم.

رووداو: ئایا پێویست بوو قسە لەگەڵ بەغدا بكەن تا رەزامەندیان وەرگرن یاخود هەماهەنگییان لەگەڵ بكەن؟ یاخود تەنیا تاكلایەنە ئەو كارەتان كرد؟

ماری هارف: ئەوە بۆ پنتاگۆن لێدەگەڕێم باخۆی باسی بكات. ئەو وردەكاریانەم لانییە، بەڵام چەك و هاوكارییەكان موڵكی كورد بوون. هێزەكانی ئەمریكا هاریكارییان پێشكەشكرد لە رووی گواسنتنەوەیەوە بۆ ئەو هێزانەی لە ئەرزی واقیع بوونیان هەیە.

رووداو: دەتوانیت باسی ئەم خاڵەش بكەیت. دەزانین كە توركیا داخوازییەكی هەبوو پێش ئەوەی رەزامەندی دەرببڕێت كە بچێتە بەرەی دژی داعشەوە. یەكێك لە گرنگترین ئەو داوایانە دروستكردنی ناوچەیەكی دژە فڕین بوو. ئایا ئەمریكا هیچ بەڵێنێكی بە توركیا داوە كە رەنگە ئەو شتە لە داهاتوودا بكرێت؟

ماری هارف: پێگەمان لەوبارەیەوە نەگۆڕاوە. لەمكاتەدا دیراسەی جێبەجێكردنی ئەو بیرۆكەیە ناكەین. لێرەدا بەشێك نییە لە ستراتیژی سەربازیمان. دەزانین ئەوە ماوەیەك دەبێت توركیا ئەم داوایە دەكات، ئەو داوایانەی دەیكەن لێیان دەڕوانین و لەگەڵیاندا لەسەریان قسەدەكەین. گفتوگۆكان بەردەوام بوون و بەردەوامیش دەبن.

رووداو : كەوایە دەتوانین بڵێین كە ئەمریكا تاكلایەنە چەكی نارد بۆ چەكدارە كوردەكان لە سو‌وریا بێ ئەوەی داوای رەزامەندی لە توركیا بكات؟

ماری هارف:  مەسەلەكە سەبارەت بەرەزامەندی نییە. ئاگادارمان كردنەوە. سەرۆك و وەزیری دەرەوە ئەم كارەیان كرد ‌و پێیان راگەیاندن كە نییەتمان هەیە ئەم كارە بكەین. لەوبارەیەوە گفتوگۆمان لەگەڵ كردن كە بۆچی پێمانوایە ئەمە كارێكی گرنگە بیكەین لەم شەڕەدا دژی داعش لە دەوری كۆبانێ.

رووداو: وەزیر جۆن كیری گوتی كە پەیەدە، ئەو پارتە كوردییەی كە لە كۆبانی و شارە كوردییەكانی تری سوریا ئاكتیڤە، لقێكی پەكەكەیە

ماری هارف: نەخێر وای نەگوت. كۆپییەكی نو‌وسراوی قسەكەیم لەبەردەستدایە. لە رووی یاساییەوە و بەپێی یاسای ئەمریكا، پەیەدە گروپێكی جیاوازە لە پەكەكە.

رووداو: گوتی ئەو وەكو یەك گروپ بینیونی

ماری هارف : دڵنیا نیم بەڵام وابزانم ئەوەم بینی. كۆپییەكی نو‌وسراوی قسەكانیم لەبەردەستدایە و دەتوانم دواتر لە وردەكارییەكانی بگەڕێم.

رووداو: بەڵام تۆ بڕوات وایە كە پەیەدە و پەكەكە یەك گروپ نین.
ماری هارف: بەپێی یاسای ئەمریكا هەمان شت نین. نەخێر ئەوە راستییە.

رووداو: توركیا سنوورێكی درێژی لەگەڵ كۆبانێدا هەیە. بەڵام كە دەبینیت ئەمریكا ناچاردەبێت بچێت چەك لە كوردستان بهێنێت و لە ئاسمانەوە بە پەڕەشووت بەریداتەوە ئەمە دەریدەخات كە چۆن توركیا رازی نەبووە هاریكاری بكات. باشە بۆچی خاكی توركیاتان بەكارنەهێنا تا لەڕێگەیەوە چەكەكان بە ئۆتۆمبێل بنێرن؟

ماری هارف: پەیوەندییەكی زۆر نزیكمان لەگەڵ توركیادا هەیە و قسەیان لەگەڵدا دەكەین لەبارەی چەندین رێگاوە كە دەتوانن هاوكاری بكەن لەم هاوپەیمانێتییەدا. ئەنجامدان یان ئەنجامنەدانی یەك كردار پێناسەی بەشداریان لە هاوپەیمانێتییەكەدا ناكات. ئێمە بەمشێوەیە بارودۆخەكە سەیر ناكەین. ئەم حاڵەتە بەتایبەتی، لە تواناماندا هەبوو كە ئەو چەكانەی كە كوردی عێراق دابینیانكرد بگەیەنین بە ڕێگەی ئاسمانی بگوازینەوە بۆ كۆبانێ و ئەم كارەمان كرد.

رووداو: باشە بۆچی داوات لە كورد كرد- لە جیاتی هاوپەیمانەكانی دیكەتان- چەكی كوردی عێراقتان برد بۆ كوردانی رۆژئاوا؟ ئایا تەنها لەبەرئەوەیە كە كوردی عێراق و كوردی سووریا سەربە هەمان گروپی ئیتنین؟

ماری هارف: هیچ ئاگاداری ئەوە نیم كە بۆچی داوامان لەوانكرد، ئاشكرایە كە چەكیان هەیە.

رووداو: ئەوانە گروپێكی نادەوڵەتین. توركیات هەیە كە دەوڵەتە

ماری هارف: دەزانم دەتەوێت بپرسیت بۆچی هەموو كەسێك شت دەكات و توركیا هیچ ناكات. دەزانم دەتەوێت بەجۆرێكی دیكە ئەو پرسیارە بكەیت، بەڵام ئەوەی كە من گوتوومە لە وەڵامی هەموو پرسیارەكانتدا ئەوەیە كە توركیا رۆڵێكی گرنگ دەگێڕێت لەم هاوپەیمانێتییەدا. چەند هەنگاوێكیان گرتۆتەبەر ‌و دەستیانكردووە بە رێگریكردن لە چەكدارە دەرەكییەكان، خەریكی تێڕوانینی سەرچاوەی دارایی داعشن، هەروەها رازیبوون كە بەشێك لە پرۆگرامی مەشقكردن و كۆمەكردنی (ئۆپۆزسیۆنی سو‌وریا) لەوڵاتەكەیان ئەنجامبدرێت. ئەمانەش ژمارەیەك هەنگاوی گرنگن كە گرتو‌ویانەتە بەر. بەردەوامیش لەگەڵیان لە گفتوگۆداین كە چیتر دەتوانن بكەن. بۆیە پێموابێت دادپەروەری نییە كە سەیری تەنیا شتێك بكەیت كە ئەنجامیدەدەن یاخود ئەنجامینەدەن و بەوپێیە حوكم لەسەر بەشداریان بدەیت لەم هاوپەیمانێتییەدا. لەم حاڵەتەدا، كوردی عێراق چەكیان هەبوو كە دەكرێت كوردانی تر لەناو و دەوروبەری كۆبانی بەكاریبهێنن. ئێمەش توانای گواستنەوەیمان هەبوو و كردمان