لیوای 91 لە رۆژهەڵاتی گەیارە شەش گوندی کۆنترۆڵکردەوە

رووداو - گەیارە

لیوای 91ی سوپای عێراق کە زۆربەیان کوردن شەش گوندیان لە رۆژهەڵاتی گەیارە کۆنترۆڵکردەوە.


هێرش لە کاژێر 9ی بەیانی رۆژی 20-10-2016 بە ئاراستەی شارۆچکەی حەمدانییە دەستیپێکرد و گوندەکانی خالیدیە، خەباتە، سەڵاحییە، بناوێر، مەکوک و سەیداوە بە ماوەی چوار کاژێر کۆنترۆڵکرانەوە.

هیزەکانی هاوپەیمانان بە بۆردوومانی ئاسمانی بەشدارنەبوون، بەڵام ئۆپراسیۆن خێرا پێشڕەویکرد، داعش بەرگری پێنەکرا. پەیامنێری رووداویش دەڵێت تەنیا دوو چەکداری داعش لە خانووێکی گوندێکەوە تەقەیانکردوە. 

لەدوای کاژێر 9ی بەیانییەوە تاوەکو کاژێر 3 سوپای عێراق توانیوویەتی گوندەکانی خالیدیە، خەباتە، سەڵاحییە، بناوێر، مەکووک، سەیداوە، کۆنترۆڵبکاتەوە.

لە پلانیشدایە گوندەکانی دویزاتی سەروو و خوارو و سوڵتان عەبدوڵڵاو شەعیر کۆنترۆڵبکاتەوە، سەرەڕای ئەوەی بەبێ پشتیوانی فڕوکە جەنگییەکان هێرشەکانیان دەستپێکردووە، بەهۆی ئەوەی تەواوی ئاسمانی ناوچەکە بە دووکەڵی رەش تەنراوە، ناتوانن ئامانجەکان بپێکن.