تورکیا و پەکەکە ئاماری نوێی شەڕ بڵاودەکەنەوە


رووداو دیجیتاڵ

ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە دەڵێت، لە چوار رۆژدا 25 سەربازی تورکیا لە هەرێمی کوردستان کوژران. وەزارەتی بەرگریی تورکیاش ئاماژە بەوە دەکات، لە هەفتەیەکدا 42 گەریلا و شەڕڤان لە باشوور و رۆژئاوای کوردستان گیانیان لەدەستداوە. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی هەپەگە کە ئەمڕۆ هەینی، 20ـی تشرینی یەکەمی 2023، بڵاوکراوەتەوە، گەریلاکانی پەکەکە لە رۆژانی 15-19ـی مانگدا لە ناوچەکانی زاپ، خواکوڕک، مەتین و ئاڤاشین لە هەرێمی کوردستان رووبەڕووی هێزەکانی سوپای تورکیا بوونەتەوە و لە ئەنجامدا 25 سەرباز کوژراون و 9 سەربازی دیکەش برینداربوون. 
 
رۆژی 19ـی ئەم مانگە لیوا زەکی ئاکتورک، راوێژکاری پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، لە یەک ھەفتەی رابردوودا 42 گەریلا و شەڕڤان لە باشووری کوردستان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە کراونەتە ئامانج.
 
لیوا زەکی ئاکتورک ئاماژەی بەوەشکرد، لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای وڵاتەکەی 1682 گەریلا و شەڕڤان لە باشووری کوردستان و رۆژئاوای کوردستان گیانیان لەدەستداوە. 
 
شەڕ و پێکدادانی ئێستای نێوان سوپای تورکیا و گەریلاکان لە باشووری کوردستان لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە تورکیا ناوی ناوە "چنگ- قوفڵ" کە بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکرد.
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی 756 گەریلا و کوژرانی 110 سەربازی سوپای وڵاتەکەی راگەیاندووە؛ هەپەگەش کوژرانی سێ هەزار و 57 سەربازی تورکیا و گیانلەدەستدانی 388 گەریلای راگەیاندووە.