لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە کەرکووک دوو کچ گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
کاژێر 07:20 خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ لە شەقامی بازنەیی کەرکووک رووداوێکی هاتووچۆ روویدا و بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا.
هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداو لە شوێنی رووداوەکە رایگەیاند، ئەو ئۆتۆمبێلەی تووشی رووداوەکە بووە، هۆندای ئەکسێنتە و دوو ئافرەتی تێدا بووە.
قوربانییەکان کوردن و خەڵکی گەڕەکی شۆراوی کەرکووکن؛ شۆفێرەکە ناوی نیان سەردارە و لەدایکبووی 2004ـە. بەگوتەی شایەتحاڵان، ئۆتۆمبێلەکە "بەخێراییەکی زۆر هاتووە" و خۆی بە تەنکەرێکی شارەوانیدا کێشاوە کە لەو کاتەدا خەریکی ئاودانی نەمامەکانی سەر شەقام بووە.
شایەتحاڵێک لە شوێنی رووداوەکە بە رووداوی راگەیاند: "ئۆتۆمبێلەکە بە خێراییەکی زۆرەوە هاتووە، خۆی پێ نەگیراوەتەوە و خۆی بە تەنکەرەکەدا کێشاوە. کرێکاری ئاودانی نەمامەکان کە لەلای تەنکەرەکەوە بووە، خۆی رزگار کردووە و سەلامەتە."
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، لە ماوەی تەنیا مانگێکدا، نزیکەی 10 رووداوی هاتووچۆ لە شەقامی بازنەیی کەرکووک روویانداوە و قوربانیی لێکەوتووەتەوە. یەکێک لە هۆکارەکان بۆ ئەوەی دەگەڕێندرێتەوە کە شەقامەکە هیچ کامێرایەکی تۆمارکردنی تیژڕۆیی لێ جێگیر نەکراوە.