نزیکەی 40 حیزبی هەرێمی کوردستان بەشداری هەڵبژاردن ناکەن و زۆرینەیان خۆیان یەکلایی نەکردووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
ژمارەی ئەو پارتە سیاسییانەی لە هەرێمی کوردستان بەشداری هەڵبژاردن ناکەن زیاتر لە چوار ئەوەندەی ئەوانەن کە بەشداری هەڵبژاردنیان کردووە، زۆرینەشیان تائێستا خۆیان یەکلایی نەکردووەتەوە دەنگ بە کێ بدەن.
ئەمڕۆ دووشەممە، نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە هەرێمی کوردستان تەنیا 9 لیست بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکەن کە هەشتیان پارتە ناوخۆییەکان و ئەو دیکەشیان بەرەی تورکمانی عێراقییە.
نزیکەی 50 پارتی سیاسی لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق و وەزارەتی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان مۆڵەتیان هەیە، نزیکەی 40 پارتی سیاسییان بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتوودا ناکەن.
بەشێکی ئەو لایەنانە خۆیان بۆ پشتیوانیکردنی لایەنێک یان بەربژێرێکی یەکلایی کردووەتەوە، بەشێکی دیکەشیان تاوەکو ئێستا تاوتوێی بژاردەکانی بەردەستیان دەکەن.
هاوپەیمانیی دەنگی نیشتمان، لیستی نییە و تاوەکو ئێستاش خۆی یەکلایی نەکردووەتەوە بۆ لایەنێکی دیاریکراو، کامیل جەلال، سەرۆکی هاوپەیمانی دەنگی نیشتمان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دەنگ بەو لایەنە دەدەین کە بڕوای بە ئازادی و نیشتمانپەروەری هەیە، لە ناوچە دابڕێندراوەکانیش بە دڵنیاییەوە دەنگ بە کورد دەدەین."
بزووتنەوەى پەیوەندیى ئیسلامیی کوردستان یەکێکی دیکە لەو لایەنانەی بەشداری هەڵبژاردنی نەکردووە، محەممەد بازیانی، گوتەبێژی بزووتنەوەکە بە رووداوی راگەیاند، "سەرەتای مانگی داهاتوو خۆمان یەکلایی دەکەینەوە، هیچ گرفتێکیشمان لەگەڵ لایەنە ئیسلامییەکان نییە دەنگیان پێبدەین."
تورکمانەکان لە هەرێمی کوردستان 11 پارتی سیاسییان هەیە، تەنیا بەرەی تورکمانی بەشداری هەڵبژاردنی کردووە، ئازاد کوورەچی، سەرۆکی لیستی میللەت بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "خۆمان یەکلایی نەکردووەتەوە، لە هەمووان بە لایەنە کوردی و تورکمانەکانەوە نیگەرانین."
روونیکردەوە، "لایەنە کوردییەکان هیچ بەربژێرێکی تورکمانیان نییە کە بتوانێت نوێنەرایەتیی راستەقینەی تورکمانەکان بکات، بەرەی تورکمانیش هەمووانی لەخۆی نیگەران کردووە و مامەڵەیەکی خراپی کردووە."
حیزبی شیوعی کوردستان، بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لیستی نییە، بەڵام پشتگیری بەربژێرێکی کریستیان بە ناوی 'سائیرە یوسف عوسمان' دەکات، کە بە کۆتا لە سنووری پارێزگای هەولێر خۆی بەربژێر کردووە.
لە هەرێمی کوردستاندا، 9 حیزب و 8 بەربژێری سەربەخۆ لەنێو کێبڕکێی هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراقدان.
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رۆژی 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بکرێت. پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێت، کە 320ـیان گشتی و 9یان کۆتان.
ئەو لایەنانەی بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ناکەن.
1. بزووتنەوەى گۆڕان
2. بزووتنەوەى ئیسلامیى کوردستان
3. حزبى شیوعى کوردستان
4. بزووتنەوەى پەیوەندیى ئیسلامیى کوردستان
5. حزبى زەحمەتکێشانى کوردستان
6. پارتى رەنجدەرانى کوردستان
7. پارتى پارێزگارانى کوردستان
8. یەکێتیى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان
9. بزووتنەوەى دیموکراتى گەلى کوردستان
10. پارتى نەتەوەیى کوردستان
11. بزووتنەوەى رزگاریى دیموکراتى کوردستان
12. حزبى پێشکەوتنخوازى دیموکراتى کوردستان
13. پارتى بنیادى دیموکراتى کوردستان
14. بزووتنەوەى ئاشتیخوازانى کوردستان
15. هاوپەیمانیى دەنگی نیشتمان
16. حیزبى رزگارى کوردستان
17. پارتى دیموکراتى تورکمان
18. پارتى نیشتمانى تورکمان
19. پارتى رزگارى نەتەوەیى تورکمان
20. پارتى یەکگرتووى تورکمان
21. بزووتنەوەى تورکمانى بێلایەن
22. پارتى گەشەپێدانى تورکمان
23. پارتى چاکسازیی تورکمان
24. پارتى گەلى تورکمانى عێراق
25. بزووتنەوەى دیموکراتى تورکمان
26. پارتى گەزەنگى تورکمان
27. پارتى ئیرادەى نیشتمانیى تورکمان
28. پارتى تورکمان ئیللى
29. لیستى میللەت
30. لیبراڵى تورکمانى
31. پارتى یەکێتیى دیموکراتى کلدانى
32. پارتى ئەنجوومەنى نەتەوەیى کلدانى
33. حزبى دیموکراتى بێت نەهرێن
34. پارتى ئەنجوومەنى میللى کلدانى سریانى ئاشوورى
35. رەوتى شلاما
36. پارتى بزووتنەوەى گردبوونەوەى سریانى
37. کۆمەڵەى رۆشنبیرى ئەرمەن
38. دەستەى کارگێڕیى بەڕێوەبردنى تائیفەى ئەرمەن
39. رابیتەى کلدانى جیهانى