پارێزگاری هەولێر بۆ رووداو: رێگەی هەولێر- شەقڵاوە فراوان دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەولێر رایدەگەیێنێت، ژمارەیەک پڕۆژەی ستراتیژی لە سنووری پارێزگاکە لە جێبەجێکردندان و بەشێکیان پێش وادەی دیاریکراوی خۆیان تەواو دەبن، لەنێویاندا فراوانکردنی رێگەی هەولێر - شەقڵاوە. هاوکات رەخنەی تووند لە بەغدا دەگرێت و دەڵێت، "ئامانجیان راگرتنی گەشەسەندنی هەرێمی کوردستانە،"
ئەمڕۆ دووشەممە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، دڵنیایی دایە هاووڵاتییان لە بەردەوامیی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و رایگەیاند، ئەم پڕۆژانە پەیوەندییان بە بانگەشەی هەڵبژاردنەوە نییە و "حکومەت ئەرکی خۆی بەرامبەر هاووڵاتییان جێبەجێ دەکات."
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بە چەند پڕۆژەیەکی گرنگ کرد و گوتی: "پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە تەواو بووە و بەمنزیکانە دەکرێتەوە. فریاگوزاریی بەشی دووەمیش تەواو بووە و بە هەمان شێوە بەمزووانە دەکرێتەوە."
ئومێد خۆشناو ئاشکرای کرد، کارکردن لە پڕۆژەکانی دیکەش بەردەوامە، لەوانە: رێگەی شەقڵاوە - میراوە، تونێلی میراوە، رێگەی کەسنەزان - گۆمەسپان و دووسایدی هەولێر - کۆیە. ئومێد خۆشناو جەختی کردەوە: "هەندێک لەم پڕۆژانە پێش وادەی خۆیان کەوتوون و بە کوالێتییەکی زۆر بەرز جێبەجێ دەکرێن. لای ئێمە کوالێتی و کاتی پڕۆژەکان زۆر گرنگن."
چارەسەری کاتی بۆ قەرەباڵخیی رێگەی پیرمام
سەبارەت بە قەرەباڵخیی رێگەی پیرمام و چارەسەری، ئومێد خۆشناو گوتی: "رێکاری کاتیمان گرتووەتەبەر، بەڵام دیزاینێکی نوێش لە ئارادایە بۆ فراوانکردنی شەقامەکە و دروستکردنی بەرزەپرد، بەڵام ئەمە کاتی دەوێت."
پارێزگاری هەولێر هەواڵێکی خۆشیشی راگەیاند کە کارەکانی نۆژەنکردنەوەی یاریگای نێودەوڵەتیی هەولێر (یاریگای شەهید فەرەنسۆ هەریری) تەواو بوون و هیوای خواست لیژنەی بەغدا رەزامەندی بدات بۆ ئەوەی یارییە گرنگەکانی تێدا بکرێت.
"سەرۆکوەزیران شەوانە بەدواداچوون دەکات و بەغداش رێگرە"
ئومێد خۆشناو رۆڵی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکاندا بەرز نرخاند و گوتی: "چاودێریی راستەوخۆی جەنابی سەرۆکوەزیران و هەڵوەستەکردنی لەسەر کوالێتی و دیزاینی پڕۆژەکان، یەکێکە لە هۆکارە بنەڕەتییەکان. سەرۆکی حکومەت دەرگای بەڕووی هەموو بابەتێکدا کردووەتەوە و شەوان درەنگ تەلەفۆن دەکات و زۆر بە گەرمی لەسەر هێڵە."
لەلایەکی دیکەوە، پارێزگاری هەولێر رەخنەی تووندی لە بەغدا گرت و رایگەیاند: "بودجەی هەرێمی کوردستانیان بڕی و دەستووریان پێشێل کرد. بەو ئامانجە کردیان کە گەشەسەندنی هەرێمی کوردستان رابگرن. ئەگەر ئەو بەربەست و ستەمەی بەغدا نەبووایە، پلانی ئێمە زۆر لەوە زیاتر بوو کە تاوەکو ئێستا پێشکەشکراوە."
"گرفت لە سلێمانی ئەوەیە، هاوبەشەکانمان رێگری دەکەن"
سەبارەت بە گلەیی پارێزگاکانی دیکەی هەرێم لە کەمیی پڕۆژە، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرسیارە لە هەموو جوگرافیای هەرێم، بەڵام "هاوبەشەکانمان نەیانویست و نەیانتوانی ئەوە بکەن."
ئومێد خۆشناو بە راشکاوی گوتی: "لە سنووری سلێمانی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان باڵادەستە و گرفتی کۆکردنەوەی داهات و نەبوونی بودجە بووەتە هۆی راگرتنی پڕۆژەکان. حکومەت بە یەک چاو سەیری هەموو هەرێم دەکات، بەڵام تۆ دەتەوێت وەک حکومەت کار بکەیت، ئەو [یەکێتی] رێگریت لێ دەکات."