151 هەزار کارتی دەنگدان لە هەرێمی کوردستان وەرنەگیراونەتەوە

رووداو دیجیتاڵ

تاوەکو ئێستا 151 هەزار کارتی دەنگدان لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان وەرنەگیراونەتەوە، مانگی داهاتوو  41 هەزار کارتی دیکەش لەبەغداوە دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان، ئەمە لەکاتێکدایە 5ـی 11ـی 2025 دوایین وادەی وەرگرتنەوەی کارتی دەنگدانە بۆ بەشداری لە خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق .
 
بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، 21.4 ملیۆن کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەتوانن دەنگ بدەن، ئەو کەسانە کارتی بایۆمەتریان بۆ دروستکراوە یان نوێیان کردووەتەوە.
 
نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رۆژی دووشەممە، 20-10-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بە کۆی گشتی 413 هەزار کارتی دەنگدان هەبوون، لەو ژمارەیە 151 هەزار کارت ماون و هێشتا خەڵک نەهاتوون بۆ وەرگرتنەوەیان، ئەوەندە نەماوە وادەی وەرگرتنەوەی کارتەکان کۆتایی بێت.''
 
رۆژی 5ـی تشرینی دووەمی 2025، دوایین وادەیە بۆ وەرگرتنەوەی کارتی دەنگدان، نەبەرد عومەر، داوای لە خەڵک  کرد سەردانی بنکەکان بکەن، چونکە ئەو کارتانە "کلیلی دەنگدانن و هیچ کەسێک ناتوانێت دەنگ بدات ئەگەر کارتەکەی وەرنەگرتبێتەوە."
 
جگە لەو 413 هەزار کارتەی لە هەرێمی کوردستان هەن، بڕیارە 41 هەزار کارتی دیکەش رۆژی 1ـی 11ـی 2025 لە بەغداوە بنێردرێتە هەرێمی کوردستان، هیچ بڕیارێکیش نییە بۆ درێژکردنەوەی کاتی وەرگرتنەوەی کارتەکان، دەبێت دەنگدەران پەلە بکەن لە وەرگرتنەوەی کارتەکانیان ."
 
نەبەرد عومەر دەڵێت:"سەرەتا رۆژانە زیاتر لە 15 هەزار کارتی دەنگدان دەدرانەوە خەڵک، بەڵام ئێستا ژمارەی ئەو کەسانەی دێن بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکان کەمتر بووەتەوە، رۆژانە نزیکەی 7 بۆ 8 هەزار کارت دەدرێتەوە خەڵک."
 
دەنگدان بۆ هەڵبژاردن بە سیستمی ئەلیکترۆنی و لە رێگەی کارتی بایۆمەترییەوە دەبێت، بڕیارە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق رۆژی 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بکرێت.