لە تفلیس کۆنفرانسی کارسازانی جۆرجیا-کوردستان بەڕێوەدەچێت: 8 بۆ 11 هەزار جۆرجی لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
لە تفلیسی پایتەختی جۆرجیا، کۆنفرانسی کارسازانی جۆرجیا-کوردستان بە بەشداریی زیاتر لە 50 کارساز و بازرگان لە جۆرجیا، ئەرمینیا، کازاخستان، تورکیا، باشوور و رۆژئاوای کوردستان بەڕێوەدەچێت. ئامانجی کۆنفرانسەکە پتەوکردنی پەیوەندییە ئابووری و وەبەرهێنانەکانە لەنێوان هەرێمی کوردستان و جۆرجیادا.
سەرۆکی کۆمەڵەی نێودەوڵەتیی کارسازانی کورد و جۆرجی، ئۆتاری نادرییان، لە کاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی نووڕۆژی رووداو کە لەلایەن نالین حەسەنەوە پێشکێش دەکرێت، رایگەیاند کە زۆر لە کارسازانی جۆرجی دەیانەوێت لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن و کار بکەن.
نادرییان، ئاماژەی بەوەدا کە بازرگانانی جۆرجیا بەتایبەتی گرنگی بە بازاڕی کوردستان دەدەن و گوتی، "کارساز و بازرگانانی جۆرجیا دەیانەوێت کەلوپەلی جۆرجی بهێننە نێو بازاڕی کوردستانەوە."
بەپێی زانیارییەکانی نادرییان، لە هەرێمی کوردستان لە نێوان 8 بۆ 11 هەزار هاووڵاتیی جۆرجی لە کەرتە جیاوازەکاندا کار دەکەن، بەتایبەتی لە بوارەکانی هۆتێل، چێشتخانە و بیناسازیدا.
لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکی کۆمەڵەی نێودەوڵەتیی کارسازانی کورد و جۆرجی، جەختی لەوە کردەوە کە ئامادەن هەموو ئاسانکارییەک پێشکێشی ئەو کارساز و بازرگانە کوردانە بکەن، کە دەیانەوێت لە جۆرجیا کار بکەن و وەبەرهێنان ئەنجام بدەن.
ئۆتاری نادرییان، هەروەها باسی لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و گەشتیارییەکانیش کرد و گوتی: "زۆر لە کوردی ئێزدی لە جۆرجیا هەن کە دەیانەوێت سەردانی پەرستگەی لالش بکەن." ئەو روونیکردەوە کە وەک کۆمەڵە هەوڵ دەدەن بۆ وەرگرتنی ڤیزا ئاسانکاری بکەن و گەشتی ئاسمانیی راستەوخۆ لەنێوان تفلیسی پایتەختی جۆرجیا و هەولێردا رێکبخەن.
لە جۆرجیا نزیکەی 10 هەزار کورد دەژین، هەرچەندە لە سەردەمی سۆڤیەتدا ژمارەیان نزیکەی 40 هەزار کەس بوو، لە رووی ئایینییەوە زۆرینەیان کوردانی ئێزدیین، بەڵام کۆمەڵێکی بچووکی مەسیحیشیان تێدایە.