ئەشواق جاف: بەغدا سادەترین مافی ژنانی کوردی پێشێلکردووە
رووداو دیجیتاڵ
د. ئەشواق جاف، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و سەرلیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی سلێمانی و هەڵەبجە دەڵێت، دانانی وەک سەرلیست بڕیارێکی سەرکردایەتیی پارتییە و لەسەر بنەمای توانا بووە نەک رەگەز. دەشڵێت، بەغدا "سادەترین مافی دەستووریی ژنانی کوردی پێشێلکردووە، کە بڕینی مووچەکانیانە".
ئەمڕۆ دووشەممە، 20-10-2025، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال)، ئەشواق جاف سەبارەت بە دیاریکردنی وەک سەرلیست گوتی: "هەمووان دەزانن کە بڕیاری سەرکردایەتییە کە ئەشواق جاف ببێتە سەرۆکی لیستی پارتی لە سلێمانی، هەڵەبجە، راپەڕین، گەرمیان. ئەمەش لەو روانگەیەوە دێت کە لەناو پارتی دیموکراتی کوردستان، جیاوازی نییە لەنێوان ئافرەت و پیاودا، بەڵکو پێدانی پۆستەکان لەسەر بنەمای تواناکانیایە".
ئەشواق جاف گوتی، تەنانەت دەنگدەرانی پارتیش لەسەر بنەمای توانا دەنگ دەدەن، نەک لەبەر ئەوەی بەربژێرێک ژنە یان پیاو.
لە هەڵبژاردنی ئەمساڵی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا، زیاتر لە دوو هەزار ژن لە کێبڕکێدان. بەگوێرەی ئاماری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، لە کۆی 7,768 بەربژێر، 2,248یان ژنن. هەرچەندە بەپێی سیستمی کۆتا، 83 کورسی لە کۆی 329 کورسیی پەرلەمان بۆ ژنان مسۆگەر کراوە، بەڵام ئەوان کێبڕکێ لەگەڵ زیاتر لە پێنج هەزار پیاو دەکەن بۆ بردنەوەی کورسیی زیاتر.
ئەشواق جاف پەیامێکی ئاراستەی ژنان کرد و گوتی: "پەیاممان بۆ ئافرەتەکان بە شێوەیەکی گشتی ئەوەیە کە زۆر متمانەیان بەخۆیان هەبێت و بەردەوام بن لە خەباتی سیاسی، چونکە دەرفەتێکی زۆر باش هەیە بۆ پێدانی رووبەرێکی فراوان بۆ خستنەگەڕی تواناکانیان و گەیشتن بە سەرچاوەی بڕیار."
"بەغدا سادەترین مافی ژنانی پێشێل کردووە"
سەرۆکی لیستی پارتی لە سلێمانی، رەخنەی تووند لە بەغدا دەگرێت و دەڵێت، حکومەتی عێراق سەرەتاییترین مافی ژنانی کوردستانی پێشێل کردووە.
ئەشواق جاف جەختی کردەوە: "ئافرەت بناخەی خێزانە و خێزان بناخەی کۆمەڵگەیە، بەڵام کێشەکە لەوە گەورەترە تەنیا وەک مافێکی تایبەت بە ژنان سەیر بکرێت. بەغدا بە بیانووی جۆراوجۆری نادەستووری، سادەترین مافی دەستووریی ئافرەتی پێشێل کردووە، کە ئەویش بڕینی مووچەکەیەتی".
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم کارە لە ئاستی جیهاندا بێوێنەیە و گوتی: "یەکەم جارە سەرۆک وەزیرانێک مافی فەرمانبەرێکی وڵاتەکەی خۆی بەبێ هیچ پاساوێکی دەستووری یان یاسایی ببڕێت."
دکتۆر ئەشواق باسی لەوەش کرد، پێشێلکارییەکانی بەغدا تەنیا ژنانی نەگرتووەتەوە، بەڵکو مافی کەسوکاری ئەنفالکراوان، قوربانییانی کیمیابارانی هەڵەبجە و ئەو گەنجانەشی دەستبەسەرداگرتووە کە لە ساڵی 2014ـەوە چاوەڕێی دامەزراندنن. گوتیشی: "هەموو خەباتی ئێمە بۆ بەدەستهێنانەوەی مافی گەنجانی کوردە، کوڕان و کچان، هاوشانی مافی ئافرەتان وەک بناخەی کۆمەڵگە".
ئەشواق جاف جەختی لەسەر ستراتیژی پارتی بۆ هەڵبژاردن کردەوە و گوتی: "ئێمە بەو پەرۆشییەوە دەچینە ناو خەڵکەوە. پارتی لە درێژایی مێژوو تەنیا پارتیی پارتییەکان نەبووە، پارتیی هەموو خەڵکی کوردستانە و خزمەتی هەموو خەڵکی کوردستانی کردووە بەبێ جیاوازی. پڕۆژەکانی هەمووی لە خزمەتی خەڵکی کوردستان بووە. ئێمە دەچینە ئەو کێبڕکێیەوە و متمانەی ئەو خەڵکە بەدەست دەهێنین، چونکە نوێنەرانی پارتی توانیویانە بە پڕۆژەکانیان و بە بەرگریکردنیان، بەرگری لە هەموو خەڵکی کوردستان بکەن."
بڕیارە رۆژی 11-11-2025 هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکرێت. لە خولی پێشووی پەرلەمانی عێراقدا، 95 ژن گەیشتنە پەرلەمان، کە 59 کەسیان توانییان لە دەرەوەی سیستمی کۆتا و بە دەنگی خۆیان سەرکەون.