پۆلیسی کەرکووک: تەقە لە ماڵی بەربژێرێک کراوە و سکاڵای تۆمار کردووە
رووداو دیجیتاڵ
شەوی رابردوو تەقە لە ماڵی بەربژێرێکی هاوپەیمانیی حەسم لە کەرکووک کرا. پۆلیسی شارەکە دەڵێت، "رووداوەکە سیاسی نەبووە".
عامر نووری، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رووداوی تەقەکردن لە ماڵی نەوفەل حەمید هیچ زیانێکی گیانیی نەبووە.
باسی لەوەشکرد، بەربژێرەکە سکاڵای تۆمارکردووە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک دەستگیر نەکراوە.
بە گوتەی عامر نووری، سکاڵاکارەکە هۆکاری رووداوەکەی بە سیاسی وەسف نەکردووە و ئاماژەی بەوەکردووە، "هێرشکارەکە دەناسم و رووداوەکە زیاتر کۆمەڵایەتییە."
بەربژێرەکەی هاوپەیمانیی حەسم لەگەڵ تۆمارێکی ڤیدیۆیی کامێرەکانی چاودێری بەردەم ماڵەکەی کە ساتی هێرشە نیشان دەدات لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیویەتی، لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە تەقە لە ماڵەکەی کراوە، هەمووان سەلامەتن و هێرشکارەکان هەڵاتوون.