بافڵ تاڵەبانی: دەکرێت هەڵەبجە ببێتە سەنتەری کشتوکاڵ و گەشتیاری لە عێراق
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە رێوڕەسمێکی بانگەشەی هەڵبژاردندا لە هەڵەبجە رایگەیاند، "دەبێت وەکو شوێنەکانی دیکە، خزمەتی هەڵەبجە بکرێت، ئەگەر زیاتر نەبێت."
ئەمڕۆ دووشەممە 20ی تشرینی یەکەمی 2025 بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی گوتی، "کەی دەنگێکی باشمان هێنا و سەرکەوتوو بووین لەم هەڵبژاردنە، بەرنامەمان زۆرە بۆ هەڵەبجە و شارەزوور و هەورامان، ئەمجارە بە شێوازێکی زۆر جیاواز ئیش دەکەین."
بافڵ تاڵەبانی گوتیشی، "دەبێت پەیوەستبوونێکی زۆر کۆنکرێتی لەگەڵ بەغدا دروست بکەین، پارەیەکی زۆر لەوێ هەیە و دەبێت لێرە خەرج بکرێت. بۆ وەکو پێویست بزنس لە هەڵەبجە نییە و گەنجەکانمان دەچنە شارەکانی دیکە؟ لە هەڵەبجە زۆر مەجال هەیە بۆ ئیشکردن، ماڵە شەهیدەکانمان وەکو پێویست و وەکو ئەوانەی بەغدا خزمەت دەکرێن؟ ئەی ئەو هەموو بریندارانە کە ئێستاش نەوە لەدوای نەوەی نەخۆشی و کێشەی تەندروستییان هەیە لەبەر کیمیاباران."
سەرۆکی یەکێتی زیاتر قسەی کرد و گوتی، "راستە یەکێتی خەڵک [بریندارانی چەکی کیمیایی] دەنێرێتە دەرەوە بۆ چارەسەر، بەڵام بە تەنیا فریا ناکەوێت، واجبی بەغدایە خزمەتی هەڵەبجە بکات، خۆشبەختانە ئێمە لەبەر پەیوەندییەکان و توانا و هێزی یەکێتی دەتوانین ئەم شتانە دابین بکەین."
لە ئاهەنگەکەدا، بافڵ تاڵەبانی رووی لە بەربژێرەکان کرد و گوتی، "خوا وەکیلە وەکو پێویست خزمەتی خۆتان نەکەن، خۆتان دەزانن چی روودەدات!"
سەرۆکی یەکێتی لەبارەی هەڵەبجەوە زیاتر قسەی کرد و گوتی، "هەڵەبجە دەتوانێت ببێتە سەنتەری کشتوکاڵ و گەشتیاری لە عێراق، دەی بۆ نەیکەین؟ من دڵنیاتان دەکەمەوە بەربژێرەکانمان ئامانجیان ئەوە دەبێت و وەکو یەکێتی رێزتان لێ دەگرن."
گوتیشی، "دەبێ پارەی هەڵەبجە راستەوخۆ بۆ هەڵەبجە بێت، هیچ پێویست ناکات خزمەتی ئێرە بچێتە شوێنێکی دیکە و دواتر بینێرنەوە، حەق و حقووقی هەڵەبجە راستەوخۆ بۆ هەڵەبجەییەکانە."
لەبارەی حیزبەکەشیەوە گوتی، "بەم رووحییەتە، یەکێتی هەڵبژاردن لەدوای هەڵبژاردن بەرەو پێشەوە دەڕوات."