گەنجانی جزیرێ چاڵ بۆ حكومەت هەڵدەكەنن
رووداو-جزیرێ
گەنجانی جزیرێ و سلۆپی لە باكووری كوردستان بڕیاریانداوە بە شێوازێكی نوێ ناڕەزایی دەربڕن. ئەوان لە گەڕەكەكانیاندا چاڵی قووڵ هەڵدەكەنن و ناهێڵن هیچ ئۆتۆمبێلێكی دەوڵەت پێیدا تێبپەڕێت. گەنجێكی جزیرێ دەڵێت: "دەوڵەت سەلماندوویەتی ناتوانێ هیچمان بۆ بكات، بۆیە پێویست ناكات بێتە ناومانەوە. لەمەودوا خۆمان دەوڵەتین". بەڵام مەزنترەكان وا بیرناكەنەوە. ئاسنگەرێك دەڵێت: "ئەگەر پرۆسەی ئاشتی لە توركیا سەربگرێت، ئەو چاڵانەش پڕدەبنەوە".
میتێك بە ئۆجەلان دەڵێت "سەرۆك".
لە دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل، دوای دەرچوونت لە دوایین خاڵی پشكنینی پێشمەرگە، دەگەیتە یەكەمین خاڵی پشكنینی توركی. لەوێ دەبێ لە ئۆتۆمبێلەكەت دابەزیت و چاوەڕێ بكەیت تا چەند كەسێك، بە جلی مەدەنییەوە و بە دەمانچەیەك بەقەدەوە، ئۆتۆمبێلەكەت و خۆت دەپشكنن. شۆفێرێكی خەڵكی باكووری كوردستان پێیگوتم: "ئەمانە سەر بە دەزگای هەواڵگریی سەربازی (میت)ن". كابرای میت بە كرمانجییەكی رەوان قسەی لەگەڵ دەكردین. كە زانیی رۆژنامەنووسین باسی "پرۆسەی چارەسەری"ی كرد. دوایی بەشانازییەوە گوتی: "من خەڵكی ئورفام، ئیبراهیم تاتلیسەس و سەرۆكیش خەڵكی ئەوێن". بەپێكەنینەوە گوتم: "سەیرە تۆش پێیدەڵێت سەرۆك و ئەو دەمانچەیەی دەوڵەتیشت بە قەدەوەیە". بزەیەكی كرد و بەتوركی بۆ هاوڕێكانمان دەستیكرد بە روونكردنەوە: "كەسێك سەرۆك بێت بە من ناگۆڕدرێت و دەبێ وەكو سەرۆك رێزی بگرم. وەكچۆن گیولەن سەركردەیە، بارزانی سەركردەیە ئاواش ئەو سەرۆكە".
كارەبا بەرامبەر شێرپەنجە
ئەو دیمەنە ئەرێنییەی ئاشتەوایی لە باكووری كوردستان دوای تێپەڕبوون لەو خاڵی پشكنینە كۆتایی پێهات. لە دەروازەی شارۆچكەی سلۆپییەوە دەنگی تەقە بەئاسانی دەبیسترا. شەریف، كە شۆفێرمان بوو و رۆژانە بۆ سەرسنوور هاتوچۆ دەكات، ئەو دەنگی تەقانەی پێ شتێكی ئاسایی بوو: "ئەوە دەستپێشخەرییەكی گەنجەكانمانە و ماوەیەكە لێرە دەستیپێكردووە. ئەوان دەڵێن ناوچەكانمان پشتگوێخراون و دەوڵەت لێمان ناپرسێتەوە. بۆیە پێویستمان بە دەوڵەت نەماوە".
شەریف پشتیوانی لەو گەنجانە دەكات و دەڵێت: "خۆت سەیری سلۆپی بكە، جگە لە تەپ و تۆز چیدیكە دەبینیت؟" ئەو ناوچەیە تەواو پشتگوێخراوە. لە ئیبراهیم خەلیلەوە بۆنی نەوتی رژاو لەو تانكەرانەی لە باشوورەوە نەوت دەگوازنەوە كاست دەكات. لەپەنایەوە بۆگەنێكی بەهێز لووتت پڕدەكات. پرسیاری سەرچاوەی بۆنەكە لە شەریف دەكەم، ئەویش بەبێتاقەتییەوە دەڵێت: "لەم ناوچەیەدا سێ وێستگەی گەورەی بەرهەمهێنانی كارەبا دانراون. ئەو وێستگانە دووكەڵێكی زۆریان هەیە. خەڵك لەم ناوچەیەدا تووشی نەخۆشیی ترسناك بووە. هەیە شێرپەنجەی گرتووە. زەوییە كشتوكاڵییەكان چیدیكە هیچیان تێدا شین نابێت".
رووبەڕووبوونەوە بە چەك
لەنێو بازاڕی سلۆپی ئۆتۆمبێلێكی پۆلیس لەپێشمانەوە دەڕوات. لەپڕ دەنگی تەقە دێت و ئۆتۆمبێلەكە بەخێراییەكی زۆرەوە دەسووڕێتەوە. شەریف رادەچڵەكێت و دەڵێت: "بەردەوام كە ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانەت لەپێش بوو مەودایەكی زۆریان لەگەڵ بپارێزە و نزیك مەكەوە. چونكە لەپڕ تەقەیان لێدەكرێت و ئەوانیش تەقە دەكەنەوە". دوای كەمێك دەنگی تەقە لەپشت سەرمانەوە دەبیستین، توومەز پۆلیس وەڵامی تەقەكەرەكانی دەدایەوە.
لەنێوەندی بازاڕی سلۆپیدا ژمارەیەك دووكانی سووتاو هەن. دەپرسم: "ئەو دووكانانە بۆ سووتاون؟" شەریف وەڵامدەداتەوە: "ئەوە لە پێكدادانەكانی نێوان گەنجان و پۆلیسدا سووتان. رەوشەكە خراپە. خوا بۆخۆی چاكی بكات".
داهێنانەكەی جزیرێ
شەریف خەڵكی جزیرێیە. كاتێك لەدوورەوە جزیرێمان لێ دەردەكەوێت ئاخێك هەڵدەكێشێت و دەڵێت: "ئەم شارە حەیفە وا بێ ساحێب بێت". ئەو لە قسەكانییەوە دیارە كە هەواداری پارتی كرێكارانی كوردستان PKKە، شارەوانیی جزیرێش بەدەست ئەندامانی پارتی (دەبەپە)یە، كە سەر بە PKKیە. پێیدەڵێم: "مادام سەرۆكی شارەوانی لە پارتەكەی خۆتانە، كەواتە خەتای دەبەپەیە كە جزیرێ بێ ساحێبە". رادەچڵەكێت و دوایی بەچرپەوە دەڵێت: "ئاخر پێڕاناگەن، دەبێ پارە بۆ شاخیش بنێرن".
شەریف شانازییەكی زۆر بە شارەكەیەوە دەكات. ئەو دەڵێت: "یەكەمین رۆبۆت لە مێژوودا لەسەر دەستی كوردێكی خەڵكی جزیرێ دروستكراوە. ئەو مەكینەیەكی دروستكرد بۆ دەستنوێژ هەڵگرتن". وامزانی گاڵتە دەكات، بۆیە بەشۆخییەوە لێمپرسی: "ئەو مەكینەیە چۆن كاردەكات؟" شەریف بە تامەزرۆییەوە كەوتە باسكردنی "داهێنان"ە كوردییەكە: "من خۆم نەمدیوە، بەڵام وەك باسدەكەن شتێكی میكانیكە، دەچیتە بەردەمی و دەستت رادەگریت. ئیتر ئاوێك دەپڕژێنێت و دەستنوێژەكەت بۆ هەڵدەگرێت"!
لێوی شیرین
جزیرێ شارۆچكەیەكی تۆزاوییە. رەنگە هەر بۆیەش بێت زۆر لە كچان و ژنانی جزیرێ لەژێر ئەو عەبا رەشەی پۆشیویانە، دەموچاویشیان بە پەڕۆیەكی تەنكی سپی داپۆشیوە. شەریف بۆ ئەمەش دوو لێكدانەوەی هەیە: "ژنی جزیرێ بەوە بەناوبانگن كە چاویان جوانن و دەیانەوێ بەوشێوەیە چاوەكانیان جوانتر دەركەون"، هۆیەكی دیكەش، وەك شەریف بەپێكەنینەوە باسیدەكات، ئەوەیە كە "ژنانی ئێرە لێویان شیرینە و دەترسن ئەگەر بە پەڕۆی سپی داینەپۆشن مێش و مێروولە هەراسانیان بكەن".
چاڵ بۆ حكومەت
هەر كۆڵانێك لەنێو جزیرێدا بۆی بچیت چاڵێكی لێ هەڵكەندراوە و رێگە لەوە دەگرێت بچیتە ناویەوە. لە یەكێك لەو كۆڵانانەدا چاومان بە گەنجێكی دەموچاو دەمامكدراو دەكەوێت. ئەو دەڵێت: "دەوڵەت ئیشی لێرە نەماوە. ئێمە بۆخۆمان هەموو شتێك بۆخۆمان دەكەین. ئەوەی دەوڵەت چەندین ساڵە نەیكرد، چیدیكە پێویست ناكات بیكات". لێی دەپرسم: "ئەگەر ئۆتۆمبێلێكی دەوڵەتی بێتە ئێرە چی روودەدات؟" بەپێكەنینەوە دەڵێت: "بەسەلامەتی ناگەڕێتەوە. ئەگەر ئازان با بێن". ئەوكاتەی ئەو گەنجە قسە دەكات، دەنگی تەقە لەناو شار دێت. گەنجەكە بزەیەك دەكات و دەڵێت: "دیارە دەوڵەت هێشتا تێناگات ئێمە دەڵێین چی!"
لەنزیك یەكێك لەو چاڵانە لە ئاسنگەرێكی پیر دەپرسم: "پێتوایە ئەو چاڵهەڵكەندنە ئاسایی بێت؟" سەرەتا دەڵێ قسە ناكەم، دوایی دەڵێت: "زۆر ئاساییە و هەقی ئەو گەنجانەیە وابكەن. چونكە دەوڵەت لە پرۆسەی چارەسەریدا دەستی دەستیمان پێدەكات. چارەسەر ئەوەیە سەرۆك لە زیندان بێتە دەرەوە و ئاشتی بەرقەرار بێت. ئەوكات ئەو گەنجانە چیدیكە چاڵ هەڵناكەنن".
ژنێكی گەنج، كە پەنجەرەی ماڵەكەیان دەكەوێتە بەرامبەر یەكێك لەو چاڵانە، كە دەمانبینێ سەر دەهێنێتە دەرەوە و بەتوانجەوە دەڵێت: "چاڵەكان بۆ حكومەت هەڵكەندراون. كەچی شەوان تاریكە و زۆركەسی ئاسایی، مۆبایلی بەدەستەوەیە، ئاگای لێنییە لەپڕ دەكەوێتە ئەم چاڵەوە"، ئینجا قاقا پێدەكەنێت.
گەنجترین سەرۆك شارەوانی
لەیلا ئیمرەت، تەمەنی 27 ساڵ بوو كە بووە سەرۆكی شارەوانیی جزیرێ. ئەو گەنجترین سەرۆك شارەوانی بوو لە باكووری كوردستان. خەڵكی ناوچەكە رێزێكی زۆری دەگرن، چونكە، وەك باسدەكەن، تەمەنی لەخوار دە ساڵانەوە بووە كە سوپای توركیا لەپێشچاوی خۆی باوكیان شەهیدكردووە. ئەو ساڵانی درێژ لە ئەڵمانیا ژیاوە. لە نووسینگەكەیدا هەموو كارێكی فەرمی بە زمانی كوردی دەكرێت. تەنانەت تابلۆی سەر دیوار و نووسراو و زانیارییەكانیش بەكوردین. لەیلا ژنێكی گەرموگوڕە و زۆر حەزدەكات هاوكاریمان بكات، بەڵام لەبارەی چاڵهەڵكەندنەكانەوە هیچمان پێناڵێت، تەنیا ئەوە نەبێت كە لەژێر لێوەوە دەڵێت: "ئەوەی ئەو گەنجانە كردوویانە، دەستپێشخەرییە".