بەڕێوەبەری ناحیەی قوشتەپە: ئەمساڵ بڕی زیاتر لە ملیارێک و 700 ملیۆن دینار پڕۆژە جێبەجێکراوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ناحیەی قوشتەپە لە پارێزگای هەولێر دەڵێت، هەموو رێڕەوەکانی باراناو لە سنووری ناحیەی قوشتەدا پاککراونەتەوە بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی دروستبوونی لافاو. دەشڵیت، لە ساڵی 2022دا بە گوژمەی زیاتر لە یەک ملیار و 700 ملیۆن دینار پڕۆژەیان لە سنووری ناحیەکەدا جێبەجێکردووە.
ستار ئاغا عومەر، بەڕێوەبەری ناحیەی قوشتەپە بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، لە ماوەی ساڵی 2022دا چەند پڕۆژەیەکی جۆراوجۆریان لە سنووری ناحیەی قوشتەپەدا جێبەجێکردووە لەوانە؛ دانانی فیدەرێکی کارەبا لەلایەن رێکخراوی UNHCRـەوە بۆ سنووری قوشتەپە بە گوژمەی یەک ملیار دینار بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا لە کەمپی کاوە و چەند گوندێکی سنووری قوشتەپە.
گوتیشی، ئەمساڵ لە وەرزی هاویندا چەند بیرێکی ئیرتیوازی لێدراوە لەلایەن کۆنسوڵخانەی ئیماراتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی لەناو ناوەندی ناحیەی قوشتەپەدا.
بەڕێوەبەری ناحیەی قوشتەپە گوتیشی، ئەمساڵ سێ پڕۆژە لەسەر بودجەی پارێزگای هەولێر لە سنووری ناحیەی قوشتەپەدا جێبەجێکراون بە رووبەری زیاتر لە 21 کیلۆمەتر شەقام بە گوژمەی زیاتر لە 310 ملیۆن دینار، کە خۆی دەبینێتەوە لە دوو پرۆژەی قیرتاوکردن بۆ شەقامی بەردەم کامپی قوشتەپە و کامپی کاوە و قیرتاوکردنی کۆڵانەکانی گەڕەکی مزووری.
باسی لەوەش کرد، ئێستا پرۆژەی کۆنکێتکردن و دانانی شۆستە بۆ گەڕەکەکانی کەمپی کاوە، لە قۆناخی جێبەجێکردندایە بە گوژمەی زیاتر 390 ملیۆن دینار.
بەڕێوەبەری ناحیەی قوشتەپە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمساڵ پێش وەرزی زستان و بارانبارین، هەموو رێڕەوەکانی ئاو و باراناویان پاککردووەتەوە بۆ ئەوەی رێگری لە ئەگەری دروستبوونی لافاو بکرێت هاوشێوەی ساڵی رابردوو.
لەبارەی پڕۆژەکانیان بۆ ساڵی 2023، ستار ئاغا عومەر ئاماژەوەی بەوە کرد، بۆ ساڵی داهاتوو دەرخستەیان بۆ کۆنکرێت و قیرتاوکردنی کۆڵانەکانی نێو ناحیەی قوشتەپە و قیرتاوکردنی رێگەی گوندەکانی سنووری قوشتەپە کردووە.
لەبارەی ئەو پڕۆژانەی کە بەهۆی قەیرانی داراییەوە لەساڵی 2014وە راگیراون، ستار ئاغا عومەر دەڵێت، بۆ تەواوکردنی ئەو پڕۆژانەی کە لە ساڵی 2014وە بەهۆی قەیرانی داراییەوە راگیرابوون و تەواونەکرابوون، بانگهێشتی بەڵێندەرەکان دەکرێن بۆ ئەوەی پڕۆژەکان تەواو بکەن.