لە هەولێر بەهۆی رەشەباوە حەوت درەخت شکانەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکانی هەولێر دەڵێت، لە دوێنێوە بەهۆی رەشەباوە لە چەند شوێنێکی هەولێر حەوت درەخت شکاونەتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 20-11-2023، ئەندازیار رێبین ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی پارکەکانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەهۆی رەشەبای شەوی رابردووەوە زیان بەر چەند درەختێکی نێو شاری هەولێر کەوتووە و حەوت درەخت بەتەواوی شکاونەتەوە.
ئەو دارانەی شکاونەتەوە لەنێو پارکەکانی شانەدەری یەک و دوو، دیواری قەڵای هەولێر و نێو بازاڕی شارەکە بوون. رێبین ئەحمەد دەڵێت، تیمەکانیان دارەکانیان لابردوون بۆ ئەوەی ئاستەنگی هاتووچۆ دروستنەکەن.
لەگەڵ تیمەکانی دیکەدا، تیمی پارکەکانی هەولێریش لە ئامادەباشیدان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر زیانێک کە دەکرێت بەهۆی خێرایی باوە بە دار و باخچەکانی هەولێر بگات.
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ هاتنی شەپۆلی بارانباریندا، لە دوێنێوە تاوەکو ئەمڕۆ خێرایی با زیادیکردووە بۆ 20 بۆ 30 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا.
لە هەولێر ئاماری ژمارەی درەختەکان بەردەست نییە، بەڵام بەڕێوەبەری گشتیی پارکەکان دەڵێت، رێژەی سەوزایی لە هەولێر گەیشتووەتە ٪19.5.