لە هەرێمی کوردستان پەڵەی دا

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەرانی گشتیی کشتوکاڵ لە هەولێر و دهۆک دەڵێن، بەم بارانە سنووری هەردوو پارێزگاکە پەڵەی دا؛ بەڕێوەبەری کەشناسیی سلێمانیش دەڵێت، لە سنوورەکەیان پەڵەی داوە؛ بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجەش دەڵێت، پێشبینی دەکەن تاوەکو ئێوارەی ئەمڕۆ پەڵە بدات.
 
لە دوێنێ یەکشەممەوە شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە؛ بەگوتەی لایەنە پەیوەندیدارەکان، جووتیاران دەتوانن لە زەوییەکانیان تۆو بکەن، چونکە بەهۆی ئەم بارانەوە ئێستا زەوی ئامادەیە بۆ چاندن.
 
لە هەولێر و دهۆک زیاتر لە پێویستیی پەڵە باران باریوە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 20-11-2023، هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بارانبارین لە سنووری پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سۆرانیش ئاستی پەڵەی تێپەڕاند و هەموو جووتیارێک دەتوانێت تۆو بکات."
 
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر ئاماژەی بەوەکرد، پار تاوەکو ئەمڕۆ 7.4 ملیمەتر باران باریبوو، ئەم ساڵ 87.1 ملیمەتر باران باریوە؛ 79.7 ملیمەتر زیاترە لە هەمان رێککەوتی پار.
 
ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی پارێزگای دهۆکیش ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە تەواوی پارێزگای دهۆک بەهۆی بڕی بارانبارینەوە پەڵەی تێپەڕاندووە، هەموو جووتیارێک دەتوانێت تۆو بکات و کاتەکەشی لەبارە."
 
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم ساڵ تاوەکو نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە سنووری پارێزگای دهۆک 168.6 ملیمەتر باران باریوە، پار تاوەکو هەمان رێککەوت 14 ملیمەتر باران باریبوو؛ گوتیشی،" کاتی پەڵەدانی ئەم ساڵ باشترین کاتە بۆ چاندن، بەو پێیەی لە مانگی 11دا پەڵەی داوە."
 
"لە سلێمانی پەڵەی داوە و لە هەڵەبجەش پەڵە دەدات"
 
ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەری کەشناسیی سلێمانی ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەگوێرەی بڕی بارانبارین، لە سنووری پارێزگای سلێمانی پەڵەی داوە؛ بۆ نموونە، لە سنووری مەیدان تەنیا ئەمڕۆ زیاتر لە 40 ملیمەتر باران باریوە. ئامارەکان پێمان دەڵێن پەڵەی داوە."
 
هەروەها ستار مەحموود، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە، نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو کاژێر 09:00ـی بەیانی ئەمڕۆ 16.6 ملیمەتر باران باریبوو؛ بەس نییە بۆ پەڵە، بەڵام پێشبینی دەکەین ئەمڕۆ کە باران بەردەوامە، تاوەکو ئێوارە پەڵە بدات."
 
پەڵەدان چییە و چەند میلیمتەر بارانی پێویستە؟
 
بۆ پەڵەدان خاکێک بۆ خاکێکی دیکە جیایە. بۆ نموونە، خاکی هەڵەبجە بە بارانێکی 50 ملیمەتری پەڵە دەدات، بەڵام خاکیش هەیە 30 ملیمەتری پێویستە و هەشە بە پێویستی بە 80 ملیمەترە بۆ ئەوەی پەڵە بدات و بتوانرێت دانەوێڵەی تێدا بچێندرێت.
 
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسیی ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بارانی پەڵە ئەو بارانەیە ناخی زەوی بە تەواوی تەڕ بکات؛ گوتیشی، "باشترین بارانی پەڵە ئەو بارانەیە لەسەرخۆ و نەرم بێت؛ ئەو شەپۆلەی ئێستا هەیە بۆ پەڵە باشە و لە تەواوی هەرێمی کوردستان پەڵەی داوە."
 
وەزارەتی کشتوکاڵ: ئەمساڵ سێ ملیۆن زەوی بە دانەوێڵە دەچێندرێت
 
رزگار حەمەد خدر، راوێژکار لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە هەرێمی کوردستان پێنج ملیۆن دۆنم زەوی دێم هەیە کە شیاوە بۆ چاندنی گەنم و جۆ؛ دوو ملیۆن دۆنم زەویی بەراویش هەیە و ساڵانە بۆ چاندن بەکاردەهێندرێت.
 
رزگار حەمەد خدر لەبارەی پلانی چاندنی گەنم بۆ ئەم ساڵ گوتی، ساڵانە لە هەرێمی کوردستان نزیکەی سێ ملیۆن دۆنم زەوی بە گەنم و جۆ دەچێندرێت، بەتایبەت بە گەنم، پلان وایە ئەم ساڵیش ئەو سێ ملیۆن دۆنمە بە گەنم بچێندرێت.
 
لە بەرهەمی وەرزی دروێنەی رابردووی جووتیاران، تەنیا 500 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە وەرگیرا و بەشێکی گەنمی جووتیاران وەرنەگیرا. بۆ ئەمساڵ پلان دادەنرێت هەموو گەنمی جووتیاران وەربگیرێت، بۆ ئەوەش وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان فۆرمێکی ئامادە کردووە و هەموو جووتیاران پڕی دەکەنەوە، دواتر کۆی زانیارییەکان دەدرێتە عێراق کە رووبەری زەوی و رێژەی چێندراو و پێشبینیی بەرهەمی تێدایە.
 
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ رووداو، زۆرترین زەویی بە گەنم چێندراو ساڵانە لە پارێزگای سلێمانیدایە. ساڵی رابردوو نزیکەی ملیۆنێک و 100 هەزار دۆنم زەوی بە گەنم چێندراو لە سنووری پارێزگای سلێمانیدا هەبوو، بە پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕینیشەوە؛ لە پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆش 775 هەزار دۆنم زەوی بە گەنم چێندرابوو؛ لە پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش 665 هەزار دۆنم زەوی بە گەنم چێندرابوون.
 
هەر بەگوێرەی ئامارەکان، ساڵانە 50 بۆ 53 هەزار جووتیار لە هەرێمی کوردستان سەرقاڵی چاندنی دانەوێڵەن لە زەوییەکانیاندا.