زانکۆی سەلاحەدین: 23ـی ئەم مانگە ئاهەنگ بۆ دەرچووانی 2024-2025 دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین رایگەیاند، دوای دووجار دواخستن، رۆژی 23ـی ئەم مانگە ئاهەنگ بۆ دەرچووانی ساڵی خوێندنی 2024-2025 دەکرێت.
 
رۆژی چوارشەممە، 19ـی تشرینی دووەمی 2025، سامان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سەرەتا بڕیار بوو لە 9ـی تشرینی دووەم ئاهەنگی دەرچووانی قۆناخی کۆتایی بۆ ساڵی 2024-2025 بکرێت، بەڵام بەهۆی هەڵبژاردنەوە دواخرا بۆ 16ـی مانگ، ئەوکاتیش بەهۆی نەگونجاویی کەشوهەوا و بارانبارینەوە دواخرا."
 
بە گوتەی سامان عەبدوڵڵا، سەرەتای هەفتەی داهاتوو، رۆژی یەکشەممە، 23ـی تشرینی دووەم، ئاهەنگەکە کاژێر 04:00ـی ئێوارە دەکرێت.
 
بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین گوتی: "لەم خولەدا هەزار و 950 قوتابیی خوێندنی باڵا و 5 هەزار و 32 قوتابیی بەکالۆریۆس بڕوانامەیان پێدەدرێت."
 
زانکۆی سەڵاحەدین لە 17 کۆلێژ و 90 بەش پێکدێت، نزیکەی 25 هەزار خوێندکاری بەکالۆریۆس و دوو هەزار قوتابی خوێندنی باڵای هەیە.