سەندیکای رۆژنامەنووسان: هەر ئەندامێک پێنج ساڵ ئابوونە نەدات، ئەندامیێتییەکەی هەڵدەپەسێردرێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

سەندیکای رۆژنامەنووسان بۆ ساڵی داهاتوو سیستەمێکی نوێی ئابوونە جێبەجێ دەکات و رایگەیاند: "نەدانی ئابوونە بۆ ماوەی پێنج ساڵ دەبێتە هۆی ئەوەی رۆژنامەنووس ناوی لە لیستی ئەندامان لابدرێت."
 
سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان لە نووسراوێکدا کۆمەڵێک خاڵی لەبارەی ئابوونەی رۆژنامەنووسان بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە: "هەر ئەندامێکی سەندیکا، چ کارا، مەشقکار یان بەشدار بێت، نابێت لە ئابوونەی ساڵانە دوابکەوێت کە لە 1ـی کانوونی دووەم دەستپێدەکات تاوەکو 30ـی تشرینی یەکەم. هەر ئەندامێک لەم رێککەوتانە دوابکەوێت، لە ساڵانی دواتر ئابوونەی لێ وەردەگیرێت."
 
لەبارەی ئەو کەسانەی سێ ساڵ لەسەریەک لە ئابوونەدان دوادەکەون، سەندیکای رۆژنامەنووسان رایگەیاند: "ناوی دەخرێتە لیستی (دواکەوتووانی ئابوونە) و لە کاتی ئابوونەدان 25 هەزار دیناری زیادە و ئابوونەی سێ ساڵی لێوەردەگیرێت، ئینجا دەگەڕێتەوە لیستی ئەندامان."
 
بەپێی نووسراوەکەی سەندیکا، "دواکەوتن لە ئابوونەدان بۆ ماوەی پێنج ساڵی لەسەریەک، ئەندامێتییەکەی هەڵدەپەسێردرێت و ناوی لە لیستی ئەندامان لادەبرێت، بەڵام ئەگەر دواکەوتنەکەی لە پێنج ساڵ زیاتر بوو، بۆ گەڕانەوەی دەبێت داواکارییەک بە نووسین پێشکەشی لق یان نووسینگە یان لیژنەکان بکات بەپێی شوێنی ئەندامێتییەکەی. دوای رەزامەندیی لایەنی پەیوەندیدار، بە نووسراو بڕیاری گەڕانەوەی بۆ دەدرێت و دەبێت بڕی 50 هەزار دینار وەکو سزا و کۆی قەرزی ئابوونەی ساڵانی رابردووی بدات، ئینجا ناوەکەی دەگەڕێتەوە لیستی ئەندامانی سەندیکا و ناسنامەی بۆ نوێ دەکرێتەوە."
 
ئازاد حەمەدەمین، نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسان، رۆژی پێنجشەممە، 20ـی تشرینی دووەمی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەم سیستەمە نوێیەی ئابوونە ئەمساڵ جێبەجێ ناکرێت، بەڵکو لە ساڵی نوێوە جێبەجێ دەکرێت، واتە لە 1-1-2026."
 
سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، نزیکەی 8000 ئەندامی هەیە.