ئاو و ئاوەڕۆی دهۆک: ماستەرپلانی رێکخستنەوەی رێڕۆی ئاو جێبەجێ دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

لە دهۆک ئامادەکاری بۆ رێگری لە دروستبوونی لافاو دەکرێت. بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی دهۆک دەڵێت، جێبەجێکردنی ماستەرپلانی رێکخستنەوەی رێڕۆی ئاو لە سنوورەکە دەخرێتە بەرنامەی کاریی حکومەتی خۆجێییەوە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 20-11-2025، یونس جانۆ، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی دهۆک لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 13:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە هیڤیدار زانا پێشکێشیکرد، لەبارەی ئامادەکارییەکان بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی لافاو رایگەیاند، ''ساڵانە بەر لە وەرزی زستان دەست بە پاککردنەوەی رووباری هیشکەڕۆ دەکرێت، بۆ ئەوەی لەکاتی بارانباریندا ئاستەنگ دروست نەبێ و ئاو نەچێتە نێو ماڵان.''
 
یونس جانۆ ئاماژەی بەوە کرد، دوای تەواوبوونی وەرزی زستان و لە هاوینیشدا پاککردنەوەی رووباری هیشکەڕۆ بەردەوام دەبێت، ''ماڵانی دەوروبەری رووبارەکەش زۆر هان دەدەین، بۆ ئەوەی خۆڵ و خاشاک نەخەنە رووبارەکەوە.''
 
پار لافاو پارێزگای دهۆکی گرتەوە و زیانی زۆری بە بەشێک لەو ماڵانە گەیاند، کە لەسەر رووباری هیشکەڕۆ بە زێدەڕۆ دروستکرابوون. بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی دهۆک دەڵێت، ''سەرجەم ئەوانەی زەرەرمەند بوون، شوێنەکانیان چۆڵ کرد، شووقەیان پێدرا و قەرەبوو کرانەوە.''
 
یونس جانۆ ئاماژەی بەوەش کرد، ساڵانی 2006 بۆ 2012، ماستەرپلانێک بۆ فراوانکردن و رێکخستنەوەی رێڕۆی ئاو بۆ رووباری هیشکەڕۆ و سەرجەم رێڕۆکانی ئاوی پارێزگاکە دانرا، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە تەنیا نزیکەی 10٪ـی کارەکانی جێبەجێکران.
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی دهۆک، ئێستا دووبارە ماستەرپلانەکە خراوەتەڕوو و ''بڕیارە کۆمپانیاکەی پێشوو دەست لە کار بکێشێتەوە، بۆ ئەوەی بتوانین جارێکی دیکە پڕۆژەکە بدەینە کۆمپانیایەکی جێبەجێکار و کاری تێدا بکرێت.''
 
وەک یونس جانۆ گوتی، بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆژەکە هەندێک کاری یاسایی ماون و ''ئەگەر ئەو رێکارانە جێبەجێ بکرێن، ئەو کات یان بەپێی ماستەرپلانەکەی پێشوو کاری تێدا دەکرێ، یان بە هەندێک گۆڕانکارییەوە جێبەجێ دەکرێ.''
 
بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی دهۆک ئەوەشی خستەڕوو، ئەو ماڵانەی کە نزیکی ماستەرپلانەکەن یان بە زێدەڕۆیی کەوتوونەتە سەر رێڕۆی ماستەرپلانەکە، لادەبرێن و بە شێوەیەکی یاسایی خاوەنەکانیان قەرەبوو دەکرێنەوە.
 
ماستەرپلانەکە بۆ رێگریکردنە لە دروستبوونی لافاو و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو بە شێوەیەکی مەترسیدار لە سنوورەکە.
 
19ـی ئاداری 2024، بەهۆی بارانی بەخوڕ لە دهۆک و زاخۆ لافاو دروست بوو، بەهۆیەوە، سێ کەس گیانیان لەدەستدا و زیان بەر نزیکەی 300 ماڵ و 50 ئۆتۆمبێل کەوت.