خێزانەکەی دووبز بوونەتە دوو بەرە؛ دوو کوڕیان دەڵێن لە موهەیمەن حەمدانی خۆش نابن
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی دوێنێ بڵاوکرایەوە کە خێزانەکەی دووبز لە بەرامبەر 75 ملیۆن دینار و ئۆتۆمبێلێکی نوێ سوڵحیان لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارە کردووە کە هێرشی کردە سەریان، ئەمڕۆ خێزانەکە بوونەتە دوو بەشەوە و دوو کوڕیان رەتیدەکەنەوە سوڵح بکەن.
موهەیمەن حەمدانی، پەرلەمانتار و بەربژێری تەقەدوومە کە پاش هەڵبژاردنی 11-11، لەگەڵ چەند پاسەوانێکیدا هێرشی کردە سەر ئەو ماڵەی دووبز کە بە بنەچە عەرەبن و کوڕێکیان پێشمەرگەی زێرەڤانییە.
ئەو کەسانەی هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکە، جگە لە ئازاردان و لێدانیان، هاوکات تەقەیەکی زۆریان لە خانوو و ئۆتۆمبێلەکەیان کردبوو.
نۆفەل خەڵەف، یەکێک لە کوڕانی ناڕازیی خێزانەکە، کە لەلایەن موهەیمەن حەمدانی لێی درابوو و دواتریش رفێندرا، گرتە ڤیدیۆییەکی تۆمارکردووە و بڵاوی کردووەتەوە و دەڵێ، "داواکارم بەڕێز فایەق زێدان [سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق] لە رێگای دادگە و یاساوە مافەکانمان بۆ بگەڕێنێتەوە و ئێمە لە مافی خۆمان خۆش نابین".
ئەحمەد خەڵەف حەمدانی کوڕی ئەو خێزانەیە و پێشمەرگەی زێرەڤانییە، بە رووداوی راگەیاند، "دانیشتن و رێککەوتن لەگەڵ نزیکەکانی موهەیمەن بڕیاری تاکەکەسییە [برایەکی و دایکی] و بە هیچ جۆرێک ئەوان لەو سکاڵایە پاشگەز نابنەوە کە لە دژی موهەیمەن و پاسەوانەکانی تۆماریان کردووە".
ئەحمەد باس لەوەش دەکات، کە هەر ئەمڕۆ نۆفەلی برای چووەتە دادگە و پشت ئەستوور بە گرتەیەکی کامێرای چاودێری، سکاڵایەکی دیکەی لە دژی موهەیمەن تۆمارکردووە.
لەم بارەیەوە، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە سوپای عێراق بە رووداوی راگەیاند، "ئەو ئەفسەرەی [دراوسێی خێزانەکەی دووبزە] کە لەلایەن موهەیمەن حەمدانی زلـلەیەکی لێدراوە ئامادەی پاشگەزبوونەوە نییە لە سکاڵاکەی و سوورە لەسەر گرتنەبەری رێکاری یاسایی بۆ وەرگرتنەوەی مافەکانی".