کۆمەڵی دادگەری: دەنگەکانمان پاشەکشەی کردووە و خۆمان بە بەرپرسیار دەزانین

 
رووداو دیجیتاڵ 

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان رایدەگەیێنێت، ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ئاستی چاوەڕوانییەکانیان نەبووە و دەنگەکانیان بەراورد بە رابردوو پاشەکشەی کردووە. ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی حزبەکە بەرپرسیارێتیی ئەنجامەکان لەئەستۆ دەگرێت و بڕیاریداوە ئۆرگانەکانی رێکبخاتەوە و نوێنەرەکەیان لە بەغداش لەگەڵ لایەنەکانی دەرەوەی دەسەڵات هاوئاهەنگی بکات.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە سەرپەرشتیی عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی ئەو حزبە کۆبووەوە و هەڵسەنگاندنی بۆ دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کرد. لە راگەیێندراوی کۆبوونەوەکەدا هاتووە، "ئەوەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەدەست هات لە ئاست چاوەڕوانیی ئەندامان و دڵسۆزانی کۆمەڵ نەبوو، بەراورد بە رابردوو دەنگەکانی کۆمەڵ پاشەکشەی کردووە."
 
سەرکردایەتیی کۆمەڵی دادگەری بەرپرسیارێتیی ئەنجامەکان لە ئەستۆی خۆی دەگرێت و رایگەیاندووە، "ئەنجوومەنی سەركردایەتیی بەرپرسیارێتیی و ئۆباڵی ئەنجامەكان دەخاتە ئەستۆی خۆی و، خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت."
 
لەبارەی رێکخستنەوەی نێوخۆیی لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، بەهۆی ئەوەی حیزبەکە بەم دواییانە کۆنگرەی بەستووە و هێشتا ئۆرگانەکانی پێکنەهێناوە؛ "پێکهێنان و رێكخستنەوەی مەڵبەند و مەكتەب و ئۆرگانەكان" بە هەنگاوی یەکەمی خۆڕێکخستنەوە دادەنێت و بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەکی راسپاردووە.
 
سەبارەت بە نوێنەرەکەیان لە پەرلەمانی عێراق، ئەنجوومەنی سەرکردایەتی رایسپاردووە کە "هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە براوەكانی دەرەوەی دەسەڵات بكات بۆ كاری هاوبەش و پێكەوەیی" و جەختیشی کردووەتەوە کە وەک هەمیشە لە "خەمی بیروباوەڕ و مافی خەڵك و بەرژەوەندیی هاووڵاتیاندا دەبێت."
 
محەممەد حەکیم، گوتەبێژی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بۆ زیاتر هەڵوەستەکردن لەسەر کەمبوونەوەی دەنگەکانی و پێکهێنانی ئۆرگانەکان، هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەیەک وەکو تەواوکاری ئەم کۆبوونەوەی ئەمڕۆ دەکەین."
 
9ـی تشرینی دووەمی 2025، دەنگدانی تایبەت و دوو رۆژ دواتر، دەنگدانی گشتیی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو کە بەگوێرەی ئەنجامی کۆتایی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 49,756 دەنگی بەدەستهێنا و بوو بە خاوەنی یەک کورسی.