وەزارەتی ئەوقاف: فەرمانبەرانمان تاوەکو چواری ئێوارە و رۆژانی شەممەیش دەوام دەکەن

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی دەڵێت، لەپێناو بەرژەوەندی گشتیی حاجییان "دەوامی فەرمی فەرمانبەرانی تا کاژمێر 4ـی ئێوارە درێژکراوە و رۆژانی شەمەیش دەوام دەکەن."
 
رۆژی پێنجشەممە، 20-11-2025، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەپێناو راییکردنی کاروباری حاجییانی هەرێمی کوردستان، کاتی دەوامی فەرمانبەرانیان تاوەکو چواری ئێوارە درێژکردووەتەوە. 
 
رۆژانی شەممە لە دەزگا میرییەکانی هەرێمی کوردستان پشووی فەرمییە؛ بەڵام وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت، بۆ فەرمانبەرانیان پشوو نییە و دەبێت لەو رۆژەشدا دەوام بکەن تاوەکو مامەڵەی حاجییانی 2026 تەواو دەبێت.
 
پشکی هەرێمی کوردستان بۆ چوونە حەج 5 هەزار و 135 کەسە. کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، رۆژی یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ناوی 3 هەزار و 991 کەس وەکو هاووڵاتی ناویان دەرچووە، لەگەڵ 113 کەس لە کەسوکاری شەهیدان".
 
وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت، دەوامی ئەو بانکانەی پارەی حاجییان وەردەگرن بەهەمان شێوە تاوەکو کاتژمێر 4ی ئێوارەی هەموو رۆژێک مامەڵەی حاجیان رایی دەکەن.