پۆلیسی راپەڕین: لە ساڵێکدا 1200 سکاڵا لەسەر سلێمان هەڵشۆیی تۆمار کراون
رووداو دیجیتاڵ
ساڵێک بەر لە ئێستا کەسێک کە خۆی وەک بازرگان ناساندبوو لە دەڤەری بتوێن و پشدەر بەناوی سلێمان هەڵشۆیی، رۆژی 20-12-2020 مایەپووچبوونی خۆی راگەیاند و دواتر لەلایەن هێزێکی ئاسایشەوە بۆ پاراستنی گیانی لە ماڵەکەی بردرایە دەرەوە و ئێستا بە بڕیاری دادوەر لە بەشی گرتن و گواستنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین دەستبەسەرە.
موقەدەم شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "لە ماوەی یەک ساڵی کارکردن لەسەر دۆسیەی سلێمان هەڵشۆیی تاوەکو ئێستا 88 کەس لەسەر دەستگیرکراون و دوایی لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا هەموویان بە کەفالەتی 3 تا 150 ملیۆن دینار ئازاد کراون، جگە لە سلێمان هەڵشۆیی کە تاوەکو ئێستا لە بەندیخانە دەستبەسەرە".
سلێمان ئیسماعیل سلێمان ناسراو بە "سلێمانی هەڵشۆیی"، بەر لە ساڵێک مایەپووچبوونی خۆی راگەیاند، بە گوتەی بەشێک لەوانەی قەرزیان لای سلێمانە، ئەو بازرگانە بەشێوازی قیست ئۆتۆمبێل، دەمانچە، ئاژەڵ و کەلوپەلی دیکەی لە خەڵکی دەڤەرەکە وەرگرتووە و پێی گوتوون، دوای چەند مانگێک پارەیەکی زیاتریان دەداتێ.
گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین راشیگەیاند، "لە ماوەی یەک ساڵی رابردوو تا ئێستا 1200 سکاڵا لەسەر سلێمان هەڵشۆیی تۆمار کراون لەبەر زۆری سکاڵاکان و بەڕێوەچوونی دۆسیەکە لەلایەن یەک دادوەرەوە نەتوانراوە کۆتایی بە دۆسیەکە بهێنرێت، بەڵام لێکۆڵینەوەکان تاوەکو ئێستا بەردەوامن".
سەبارەت بە بڕی ئەو پارەی کە تاوەکو ئێستا لەلایەن سکاڵاکارانەوە لەسەر سلێمان هەڵشۆیی هەژمار کراوە موقەدەم شۆڕش ئیسماعیل گوتی، بە هەڵسەنگاندن بۆ ئەو سکاڵایانەی کە لەلایەن هاوڵاتییانەوە لەسەر سلێمان هەڵشۆیی تۆمار کراون، قەبارەی ئەو پارەی لە خەڵکی وەگرتووە گەیشتووەتە بڕی 12 ملیۆن دۆلار.
ماوەیەک باس لە تێکچوونی دۆخی تەندروستیی سلێمان هەڵشۆیی دەکرا لە بەندیخانە، بەڵام گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند، "دۆخی تەندروستیی زۆر باشە و هیچ گرفتێکی نییە".