ئەکادیمیای کوردستان دەستپێشخەرییەکی پەروەردەیی بۆ خوێندکارانی سنووری چەمچەماڵ رادەگەیێنێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەکادیمیای کوردستان دەستپێشخەرییەکی پەروەردەیی بێبەرامبەر بۆ 1000 خوێندکاری پۆلی 12ی ئامادەیی لە قەزای چەمچەماڵ و ناوچە زیانلێکەوتووەکان رادەگەیێنێت، کە تێچووی گشتیی پڕۆژەکە "زیاتر لە ملیارێک و 185 ملیۆن دینارە."
بە گوێرەی راگەیێندراوێکی ئەکادیمیای کوردستان، ئەم دەستپێشخەرییە "لە چوارچێوەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی و مرۆییە، بۆ پشتگیریکردنی ئەو خوێندکارانەی کە لە ناوچە زیانلێکەوتووەکانی لافاوەکەدا دەخوێنن، تاوەکو بتوانن بەربەستەکان تێپەڕێنن و بۆ تاقیکردنەوە وەزارییەکان ئامادە بن."
خزمەتگوزارییەکانی دەستپێشخەرییەکە:
ئەم پڕۆژەیە 1000 خوێندکار دەگرێتەوە و چەندین خزمەتگوزاریی فێرکاریی پێشکێشکراو لە پلاتفۆرمی ئەکادیمیای کوردستان بۆ خوێندکاران دەستەبەر دەکات، لەوانە:
- بینینی هەموو وانەکانی پۆلی 12 بە شێوەی ڤیدیۆیی و بێبەرامبەر
- ئازادی لە هەڵبژاردنی مامۆستا لەلایەن خوێندکارەوە
- بەشداریکردن لە تاقیکردنەوە هەفتانەکان و پێداچوونەوەی گشتگیر
- بوونی سیستمێکی چاودێریی (Call Center) بۆ پەیوەندیی بەردەوام لەگەڵ دایک و باوکان بۆ ئاگاداربوون لە ئاستی زانستی و دەروونی خوێندکاران.
تێچووی پڕۆژەکە:
ئەکادیمیای کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە کە "تێچووی هەر خوێندکارێک لەسەر ئەکادیمیاکە بڕی (یەک ملیۆن و 185 هەزار) دینارە، بەمەش کۆی گشتی تێچووی ئەم دەستپێشخەرییە بۆ هەزار خوێندکار دەگاتە (یەک ملیار و 185 ملیۆن) دیناری عێراقی."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە ئامانجی سەرەکییان رەخساندنی کەشێکی ئارام و زانستییە بۆ خوێندکاران تاوەکو لە هەردوو خولی تاقیکردنەوە وەزارییەکاندا باشترین ئەنجام بەدەستبهێنن.
بۆ زانیاریی زیاتر لە تەلەگرام پەیوەندییان پێوە بکەن:
07500780088