یەکێتیی زانایان: ئەگەر زیانت نەکردبێ، حەرامە پارەی قەرەبووی لافاو وەربگریت


رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان، هاوکاریی خێرخوازان بۆ لێقەوماوانی لافاوەکەی چەمچەماڵ بە گرنگ ناودەبات، بەڵام دەڵێت، هەرکەسێک زیانی بەرنەکەوتبێت و قەرەبوو وەربگرێ، "پارەکەی حەرامە".

د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتەبێژی یەکێتیی زانایان، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سوپاسی خێرخواز و خواپێداوانی کوردستان دەکەین کە هاوکاری و کۆمەکی زۆریان گەیاندە خەڵکی زیانلێکەوتووی چەمچەماڵ و شوێنەکانی دیکە. ئەم هەنگاوە سەلماندی کورد گەلێکی بەخشندە و هاوسۆز و مرۆڤدۆستە".
 
گوتەبێژی یەکێتیی زانایان گوتی: "ئەوەی پارەی بەخشیوە یان پێداویستیی دیکەی دابینکردووە بۆ خەڵکی زیانلێکەوتووە، ناکرێ کەسانێک هیچ زیانیان بەرنەکەوتبێت و چاویان لەو پارەیە بێ. هەرکەس زیانی بەرنەکەوتبێت و خۆی بە زیانلێکەوتوو بنووسێت، ئەوە پارەکەی حەرامە و غەدر لەوانی دیکەش دەکات".
 
شێرکاوەیی ئاماژەی بەوەکرد: "هەموو کوردستان چاوی لەوەیە ئەو هاوکارییە گەورەیە بە دادپەروەری و بە ئەمانەوە دابەش بکرێ، چونکە هەر دزی و فێڵ و درۆ و ناعەدالەتییەک لەم نێوەندەدا تاوانە و کارێکی پێچەوانەیە لەگەڵ ئایینی پیرۆزی ئیسلام".
 
گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی کوردستان داوای کرد، ئەوانەی هاوکارییەکان دابەش دەکەن "بە شەفافییەوە زیانلێکەوتووانی چەمچەماڵ، تەکیە و شۆڕش قەرەبوو بکەنەوە. ئەگەر پارەش زیاد بوو، پێویستە لە پرۆژە گشتییەکانی وەک مزگەوت، قوتابخانە، نەخۆشخانە، رێگەوبان و باخچەی ساوایان خەرجی بکەن".

 

 
رۆژی 09-12-2025 لافاو بەشێکی باشووری کوردستانی گرتەوە، چەقەکەی قەزای چەمچەماڵ و ناحیەکانی دەوروبەری بوو لە پارێزگای سلێمانی. 
 
بەگوێرەی دوایین ئاماری (ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەکان)، بەهۆی لافاوەکەی باشووری کوردستانەوە 5 کەس خنکان و 19 کەسیش بریندار بوون؛ هەروەها 394 هەزار و 900 سەر ئاژەڵ، ماسی و پەلەوەر لەنێوچوون و 2 هەزار و 225 ماڵ، 202 ئۆتۆمبێل، 215 دووکان و شوێنکار و 534 پڕۆژەش زیانیان بەرکەوت.
 
رەنج سەنگاوی، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداو دوو شەو لە دوو بەرنامەدا نزیکەی 7 ملیار دیناری بۆ لێقەوماوانی لافاوەکە کۆکردەوە. 
 
15-12-2025 حاکم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو پارەیەی لە هەڵمەتی رووداو بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ کۆکراوەتەوە، دەچێتە سەر هەژمارێکی بانکیی حکومی و وەک داهاتی گشتی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و بە شەفافی بەڕێوەدەبرێ.