کۆمیسیۆنی فریاگوزاریی: تاوەکو ئێستا زیاتر لە 11.5 ملیار دینار بۆ چەمچەماڵ کۆکراوەتەوە


رووداو دیجیتاڵ

بۆردی چاودێری و هاوکاریی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ یەکەم کۆبوونەوەی کرد. سەرۆکی بۆردەکە دەڵێت، تاوەکو سێشەممە قەرەبووی خانووەکان تەواو دەکرێ و سەرجەم شوێنە بازرگانی و ئۆتۆمبێلە زیانلێکەوتووەکانیش تاوەکو کۆتایی ساڵ قەرەبوو دەکرێنەوە.
 
ئەمڕۆ شەممە، 20-12-2025، عەتا محەممەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی فریاگوزاری و بووژانەوەی چەمچەماڵ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا پێکهێنانی ''بۆردی چاودێری و هاوکاریی زیانلێکەوتووانی چەمچەماڵ''ـی رایگەیاند.
 
عەتا محەممەد ئاماژەی بەوە کرد، بۆردی چاودێری و هاوکاریی زیانلێکەوتووانی چەمچەماڵ لە ژمارەیەک کەسایەتیی ئایینی، کۆمەڵایەتی، بەرپرسی حکومی و نوێنەرانی کۆمپانیا و دامەزراوەکان پێکهاتووە کە ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان وەک سەرۆکی بۆردەکە دیاریکراوە.
 
ئەرکی بۆردەکە چاودێریی قەرەبوو و دابەشکردنی ئەو هاوکارییە داراییانە دەبێ کە لەلایەن کۆمیسۆنی فریاگوزاریی چەمچەماڵەوە بە هاوبەشی لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکە کۆکراونەتەوە.
 
عەلی سەرباز خالید، وەک نوێنەری تۆڕی میدیایی رووداو لە بۆردی چاودێری و هاوکاریی زیانلێکەوتووانی چەمچەماڵدا ئەندامە.
 
عەتا محەممەد ئەوەشی خستەڕوو، تاوەکو ئێستا 11 ملیار و 545 ملیۆن و 910 هەزار و 250 دینار چووەتە سەر هەژمارە بانکییەکانی تایبەت بە هاوکاریی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ؛ ''هەژمارەکان داناخرێن و چاوەڕوانیمان لە هەندێک بەڕێزی دیکە هەیە پاڵپشتییەکانیان بخەنە سەر هەژمارە بانکییەکان کە پێشتر بەڵێنی هاوکارییان پێدابووین.''
 
''سێشەممە کۆتایی بە قۆناخی یەکەمی قەرەبووی زیانلێکەوتووان دەهێنرێ''
 
ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان کە هاوکات سەرۆکی بۆردەکەشە، لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا رایگەیاند، بۆردەکە یەکەم کۆبوونەوەی خۆی کردووە و بڕیار دراوە ''وەک قۆناخی یەکەم، لە رۆژانی دووشەممە بۆ سێشەممە، قەرەبووی سەرجەم خانوو و کەلوپەلەکان (نێوماڵ) تەواو بکرێ.''
 
وەک ئەحمەد ئەنوەر گوتی، لە قۆناخی دووەمدا سەرجەم شوێنە بازرگانییەکان و ئۆتۆمبێلی خەڵک کە لە لافاوەکەدا زیانیان بەرکەوتووە، قەرەبوو دەکرێنەوە؛ ''بەگشتی هەوڵ دەدرێ تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ، لەژێر چاودێریی بۆردەکە بە تەواوی کۆتایی بە پڕۆسەی قەرەبوو پێبهێنرێت.''
 
هەرچی قەرەبووی زیانە گیانییەکانە، سەرۆکی بۆردی چاودێری و هاوکاریی زیانلێکەوتووانی چەمچەماڵ دەڵێت، ''حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری داوە خانوو بۆ کەسوکاری ئەو کەسانە دابین بکات کە گیانیان لەدەستداوە، بۆ بریندارەکانیش، بە تەواوی تێچووی چارەسەرکردنیان دەگرێتە ئەستۆ.''
 
ئەحمەد ئەنوەر ئەوەشی خستەڕوو، دوای قەرەبووی سەرجەم زیانلێکەوتووان، ''ئەگەر پارە بمێنێتەوە و هەموو لایەک رازی بن، ئێمەش دەتوانین هاوکاریی ئەو کەسانە بکەین کە لە لافاوەکەدا تووشی زیانی گیانی بوون.''
 
بەهۆی بارانبارینەوە لە 9ـی کانوونی یەکەم لە بەشێکی باشووری کوردستان بەتایبەتی چەمچەماڵ لافاو دروستبوو.
 
بەگوێرەی دوایین ئاماری (ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەکان)، بەهۆی لافاوەکەوە پێنج کەس خنکاون و 19 کەسیش بریندار بوون. هەروەها 394 هەزار و 900 سەر ئاژەڵ، ماسی و پەلەوەر لەنێوچوون و 2 هەزار و 225 ماڵ، 202 ئۆتۆمبێل، 215 دووکان و شوێنکار و 534 پڕۆژەش زیانیان بەرکەوتووە.