سەرۆکی رێکخراوی فەلەکناسیی کوردستان: سبەی درێژترین شەوی ساڵە
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی رۆژژمێری زایینی، ئەمڕۆ دوایین رۆژی پاییزە، 21ـی ئەم مانگە یەکەم رۆژی زستان و سبەی شەویش درێژترین شەوی ساڵە، کە بە شەوی یەڵدا ناسراوە.
رۆژی شەممە، 20ـی کانوونی یەکەمی 2025، ئەژی چەتۆ، سەرۆکی رێکخراوی فەلەکناسیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رۆژی شەممە، 20-12-2025، یەکەم رۆژی وەرزی زستان لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات؛ شەوەکەیشی لە نیوەگۆی باکووری زەوی درێژترین شەوی ساڵ دەبێت، کە کوردستانیش دەگرێتەوە."
سبەی یەکەم رۆژی زستانە. یەکەم شەوی زستان بە شەوی یەڵدا ناسراوە و دەبێتە درێژترین شەوی ساڵەکە و شەوەکەی 13 بۆ 14 کاژێر درێژ دەبێت.
شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی بە رووداوی گوت: "سبەی، 21-12-2025، کاژێر 06:30ـی ئێوارە، وەرزی زستان لە نیوەگۆی باکووری زەوی و ناوچەکەمان دەستپێدەکات و کۆی وەرزەکە 88 رۆژ و 23 کاژێر و 42 خولەک دەبێت."
شەوی یەڵدا لە رۆژهەڵاتی کوردستان گرنگیی زۆری پێدەدرێت و خێزانەکان وەکو نەریتێکی کۆن، ئەو شەوە لە دەوری یەک کۆدەبنەوە و بە رازاندنەوەی سفرە و خوانیان شەوەکە بەڕێدەکەن.
ساڵانە لە شەوی یەڵدا لە هەرێمی کوردستان چەندین چالاکیی جیاواز لەلایەن کەرتی تایبەت و رێکخراوەکانەوە بەڕێوە دەبرێن.