نرخی شیرەمەنی لە ئێران لە 9 مانگدا سێ بەرامبەر بووە
رووداو دیجیتاڵ
گرانبوونی شیرەمەنی بابەتی سەرەکیی ئەم رۆژانەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانە. لە 9 مانگدا نرخی بەرهەمە شیرەمەنییەکان سێ بەرامبەر بووە و بەکارهێنانیشی 10٪ دابەزیوە.
ئەڵڵایار وەلیزادە، سەرۆکی یەکێتیی پیشەسازیی ئاژەڵداریی ئێران دەڵێت، "بەداخەوە ئەو چاودێرییە کە دەبێت دوای بەرهەمهێنان هەبێت، نییە. ئێوە دەبینن شیر بە 29 هەزار تمەنە، ئیدی بۆچی دەبێت ماست بە 75 تاوەکو 100 هەزار تمەن بێت؟ ئەو کەموکوڕییە دەگەڕێتەوە بۆ چاودێری."
گرانبوونی شیرەمەنی وای کردووە خەڵک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان داوا بکەن ماوەیەک ئەو بەرهەمانە بایکۆت بکەن، ئەوەش وەک کاردانەوەیەک بۆ بەرهەمهێنەران و بازاڕی تەواو کۆنترۆڵنەکراو لە لایەن حکومەتەوە.
وەزیری کشتوکاڵ دەڵێت، دۆخەکە بەو جۆرە نییە هاووڵاتییان باسی دەکەن. غوڵام رەزا نووری قزڵجە گوتی، "ئەوەی دەڵێن چاودێری بازاڕ ناکرێ، چاودێریی بازاڕ تەنیا لە ئەستۆی وەزارەتی کشتوکاڵ نییە، بەڵکو بەشێکی دیکە لە دامەزراوەکان و وەزارەتی پیشەسازی چاودێری پێویست دەکەن. ئەوەی بڵێن چاودێری وەک پێویست نییە بابەتێکە و ئەوش کە بڵێن ئازادکراوە، جیاوازە."
بەپێی ناوەندی ئاماری ئێران، هەڵاوسان لە بەرهەمە شیرەمەنییەکان لە ساڵێکدا 48٪ بووە، بەڵام بەپێی نرخی بازاڕ، ئەم ساڵ، نرخی شیرەمەنی نزیکەی 100٪ گران بووە؛ نرخی بووتڵێک شیر لە یەکەم مانگی بەهار 40 هەزار بوو؛ ئێستا بە زیاتر لە 80 هەزار تمەنە.