پەرلەمانتارێک: سوودانی رەزامەندی دەربڕیوە 200 هەزار لیتر نەوت بۆ چەمچەماڵ بنێرێت
رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی عێراق دەڵێت، سوودانی رەزامەندی داوە 200 هەزار لیتر نەوت بۆ قەزای چەمچەماڵ دابین بکات. سەرۆکی کۆمیسیۆنی بووژانەوەی چەمچەماڵیش گوتی: "دوای گەیشتنی، لە 24 کاژێردا لەڕێگەی لیژنەکەمانەوە دابەشی دەکەین."
رۆژی شەممە، 20ـی کانوونی یەکەمی 2025، دیلان غەفوور بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای رووداوەکەی چەمچەماڵ وەکو بەشێک لە ئەرکی سەرشانمان بۆ بەدەمەوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکە، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر هێڵ بووین تاوەکو بتوانین خزمەتێک بەو خێزانانە بکەین کە زیانیان بەرکەوتووە. دوای ئەوەی نووسراوێکمان ئاراستەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد بۆ دابینکردنی نەوتی سپی، رەزامەندیی لەسەر دەربڕی."
بە گوتەی دیلان غەفوور، ئەو نەوتەی بڕیارە سوودانی بینێرێت، "200 هەزار لیترە و بۆهەر ماڵێک 100 لیتر نەوتی سپی بەبێ بەرامبەر دابین دەکرێت." باسی لەوەش کرد: "دوو هەزار خێزانی سنووری قەزای چەمچەماڵ لێی سوودمەند دەبن."
عەتا محەممەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی فریاگوزاری و بووژانەوەی چەمچەماڵ بە رووداوی راگەیاند: "هاوئاهەنگیمان لەگەڵ دیلان غەفوور هەیە و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە پەیوەندیی بەردەوامداین تاوەکو نەوتەکە دەگات و لەلایەن لیژنەکەمانەوە بە یەکسانی بەسەر خێزانە زیانلێکەوتووەکاندا دابەشدەکرێت."
سەرۆکی کۆمیسیۆنی فریاگوزاری و بووژانەوەی چەمچەماڵ باسی لەوەش کرد: "جگە لە نووسراوەکەی دیلان غەفوور، نووسراوێکی دیکە لەلایەن عیزەت سابیر، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری گاز کراوە؛ بە هەمان شێوە داوای نەوت کراوە بۆ زیانلێکەوتووان و چاوەڕێی وەڵامین."
وەکو عەتا محەممەد گوتی: "دوای گەیشتنی، هەوڵدەدەین لە 24 کاژێردا دابەشی بکەین."
7ی 12ی 2025، شەپۆلێکی بارانبارین باشووری کوردستانی گرتەوە و سێ رۆژ بەردەوام بوو. بەهۆیەوە لە بەشێکی باشووری کوردستان، لە نێویاندا لە قەزای چەمچەماڵ و دەوروبەری، لافاو دروست بوو، زیاتر لە 1000 ماڵ و 12 قوتابخانە زیانیان پێگەیشت.
بەگوێرەی دوایین ئاماری (ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەکان)، بەهۆی لافاوەکەی باشووری کوردستانەوە پێنج کەس خنکاون و 19 کەسیش بریندار بوون. هەروەها 394 هەزار و 900 سەر ئاژەڵ، ماسی و پەلەوەر لەنێوچوون و 2 هەزار و 225 ماڵ، 202 ئۆتۆمبێل، 215 دووکان و شوێنکار و 534 پڕۆژەش زیانیان بەرکەوتووە.