سکرتێرێکی پێشووی وەزیری پێشمەرگە: هێزێکی یەکێتی لە هەولێر ئەشکەنجەیاندام
رووداو دیجیتاڵ
میران بەکر، سکرتێری پێشووی وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هێزێکی ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی یەکێتی" لە شاری هەولێر دەستبەسەریان کردووە و ئەشکەنجەیان داوە و سووکایەتییان پێکردووە و دواتر گوتوویانە هەڵەبوون. پارێزگاری هەولێر دەڵێ، بەدواداچوون بۆ رووداوەکە دەکەن.
میران بەکر، سکرتێری پێشووی وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نزیک کاژێر 10:30ـی شەوی رابردوو لە ماڵی شەهیدان بووم، نزیک مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە هەولێر، لەکاتی گەڕانەوەدا لەیزەرێکی بەهێزی سەوزیان لە ئۆتۆمبێلەکەم گرت و منیش تەنیا گوتم لایبەن، لەپڕ سێ ئۆتۆمبێل دەوریان گرتم و تورەکەیان کردە سەرم".
بەگوتەی میران بەکر، "هێزەکە بەبێ لێپرسینەوە تاوەکو توانایان هەبوو سووکایەتییان پێکردم؛ جنێوی زۆریاندا و لێیاندام. چەند کەسێکیان دەناسم و ئەو ئاسایشانە نین کە لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتین لە هەولێر، بەڵکو هێزی دژەتیرۆر[ـی سلێمانی]یان ئۆپەراسیۆنی ئاسایش{ـی سلێمانی}ن کە لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتین لە هەولێر، چونکە ئەو هێزەی لە بنەڕەتدا لەوێن دەیانناسم و کاری وا ناکەن".
سکرتێری پێشووی وەزیری پێشمەرگە گوتی: "دوای سووکایەتی و لێدانی زۆر، هێزەکە پێیان گوتم هەڵەمان کردووە و هەڵەتێگەیشتن روویداوە، بەڵام پێمگوتن ئێوە بێتاوانن و دەزانم ئاراستە کراون".
بە گوتەی میران بەکر، ئەوانەی هێرشیان کردووەتە سەری خۆشیان نیگەران بوون و دەشڵێت: "من مەکتەبی سیاسی و ئەو سنوورەم بە ماڵی خۆم زانیوە، ئەگینا هیچ کاتێک بەبێ چەک ناسووڕێمەوە".
بەرپرسێکی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە رووداوی گوت: "بەدواداچوون بۆ رووداوەکە دەکەین و بزانین چی روویداوە".
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێریش بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کاک میران هیچ لایەنێکی فەرمی لە ئاسایش و پۆلیس ئاگادار نەکردووەتەوە. بابەتەکە پەیوەندی بە هێزێکی ئەمنیی هەولێرەوە نییە و زیاتر لەنێو [یەکێتی] خۆیانە".