چیرۆکی ئەو دوو گەنجەی لە سلێمانی باخێکیان کڕی و لە یەکەم شەوی مانەوەدا گیانیان لەدەستدا


رووداو دیجیتاڵ

دوو گەنج لە بەغداوە چوونە مێرگەپان لە سنووری سلێمانی و باخێکیان کڕی، بەڵام لە یەکەم شەوی مانەوەیاندا هەردووکیان گیانیان لەدەستدا.
 
دوای سێ رۆژ لە بێدەنگبوونیان، تەرمەکانیان لەنێو باخەکە دۆزرانەوە و بەپێی لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس، بەهۆی گازی سۆپاوە گیانیان لەدەستداوە.
 
رەزا و محەممەد، ئەو دوو گەنجە عەرەبە لە 17-12-2025، باخەکەیان کڕی، لەدوای ئەو رۆژەوە وەڵامی تەلەفۆنی کەسوکاریان نەداوەتەوە، بۆیە ئەوان هێزە ئەمنییەکانی سلێمانیان ئاگادار کردەوە.
 
محەممەد شاکل، ئامۆزای یەکێک لە گەنجەکان دەڵێت، "ئامۆزایەکەم رۆژی سێشەممە هات، چووبوونە شوێنێک لەولاوەی بەنداوی دووکان، لەوێ مابوونەوە، رۆژی هەینی هەواڵمان پێدرا کە لەکاتی خەوتنیاندا گاز بڵاوبووەتەوە، ئاگری سۆپا کوژاوەتەوە و گاز بڵاوبووەتە و خنکاون، پەیوەندییمان بە کوردستان و سلێمانییەوە کرد، ژمارەی ئۆتۆمبێلەکەمان دانێ و گوتمان؛ ئۆتۆمبێلە دوو کەسی تێدایە و وەڵامی پەیوەندی نادەنەوە.. ئاگری سۆپا کوژاوەتەوە، گاز بڵاوبووەتەوە و خنکاون."
 
ئاری لەتیف، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە رووداوی گوت: "دوو کەسەکە لە ڤێلای خۆیان ماونەتەوە و شەو بەهۆی گازی سۆپاوە خنکاون".
 
رەزا موسا 24 ساڵان و محەممەد مەحموودی تەمەن  35 ساڵان، ژیانی هاوژینییان پێکنەهێنابوو، تەرمەکانیان دوای تەواوکردنی توێکاری و رێکارە پزیشکییەکان لە پزیشکی دادی سلێمانییەوە رەوانەی زێدی خۆیان لە بەغدا کرانەوە.