نوێنەرانی کورد '20 مەلەفی گەندەڵی'ی راکان جبووری ئاشکرا دەکەن

 
رووداو - کەرکووک

رەنگە هیچ کەسێک هێندەی شۆفێری تەکسی شارەزای چاڵی و چۆڵی رێگەوبانەکان نەبێت، شۆفێرانی تەکسی زیاتر لە هەرکەسێک قوربانیی خراپیی رێگەوبانەکانی کەرکووکن.
 
ئیسماعیل محەممەد، یەکێکە لەو شۆفێرانەی کە زیانلێکەوتووی کەمیی خزمەتگوزارییە و گلەییەکی زۆری لە بێ کارەبایی شارەکەی هەیە، کەچی بەو حاڵەوە ملیۆنێک و 500 هەزار دینار پارەی کارەبای بۆ گەڕاوەتەوە، دەڵێت "گەندەڵی هەیە، ئێستا کە بە رێگەوبانەکاندا دەڕۆین دەیبینین، گەڕەکە عەرەبییەکان کۆنکرێت کراون، بەڵام گەڕەکە کوردییەکان بە کەمی".
 
نەعمان عومەر فەرمانبەرە و دەڵێت "من ئەوەی دەیبینم لە شەقامەکان پیسی و خۆڵ و خاشاکی زۆر بڵاوبووەتەوە، دۆخێکی نائاساییە و کارەبا سفرە یان دەتوانین بڵێین هەر نییە، زۆر بواری دیکەی خزمەتگوزاریی وەکو دامەزراندن، خراپە".
 
لە دوو ساڵی رابردوودا ئیدارەی کەرکووک بودجەیەکی زەبەلاحی لەبەردەست بوو، بەڵام دیمەنەکانی ئێستای شار وا دەرناکەون کە خزمەتێکی پێ کرابێت.
 
نوێنەرانی کورد لە کەرکووک 20 مەلەفی گەندەڵی و بەهەدەردانی بودجەیان ئامادەکردووە و دەیانەوێت رادەستی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراقی بکەن، لە دەستەی دەستپاکی و دادگا سکاڵا لەسەر راکان جبووری تۆماردەکەن. ئەوەی دەستیان کەوتووە، گەندەڵییە لە پرۆژەکانی فڕۆکەخانە و بینای پارێزگای نوێ و قەپانی کێش و جێبەجێکردنی بینای 25 قوتابخانە کە هەشت بینای دیارنەماون و بوونیان نییە.
 
رێبوار تەها، ئەندامی پەرلەمانی عێراق دەڵێت "نزیکەی 20 مەلەفی راستین، زۆر لە رێکاری یاسایی کراوە، بەڵام راوەستاوە یان دەستوەردانی سیاسی هەبووە، یان بە هەر هۆکارێکی دیکە بێت ئەو مەلەفانە راگیراون، ئێمە وەکو پەرلەمانتاران هەر سێ سەرۆکایەتییەکە و ئەنجوومەنی دادوەری ئاگاداردەکەینەوە، لەسەر ئەم مەلەفانە بۆچی بەردەوام نەبووە یان راگیراون و سزای پێنەدراوە".
 
راکان جبووری، پارێزگاری بە وەکالەت هەوڵی پەرلەمانتارانی کورد بە دژایەتیی کەسیی خۆی دەزانێت و رایگەیاندووە، ئەوان لە جێبەجێکردنی پرۆژە جیاوازی لەنێوان گەڕەکەکانی شارەکە ناکەن، کێشەی زبڵ و خاشاک و کارەباش دەخاتە ئەستۆی بەغدا کە بودجەیان پێنادەن.
 
لە ساڵانی 2019 و 2020 بەپێی پلانی ئیدارەی کەرکووک نزیکەی 400 پرۆژە خراونەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام زۆربەی پرۆژەکان دوای ماوەیەک خراپ بوون یان بە نیوەناچڵی جێهێڵدراون، بۆ ئەمساڵیش تاوەکو ئێستا هیچ بودجەیەک بۆ کەرکووک دابین نەکراوە.