عێراق، فیلپین و بەریتانیا "دەتوانن لەسەر هێرشەکەى هەولێر سکاڵا لە دادگەى نێودەوڵەتى تۆماربکەن"

رووداو دیجیتاڵ 

سکاڵاکەى عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە دژى هێرشەکەى ئێران بۆ سەر هەولێر، پشتى بە مادەیەکى  پەیماننامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بەستووە کە باسی کارى شەڕەنگێزى دەکات. پسپۆڕێکى یاساى گشتیى نێودەوڵەتى دەڵێت: "جگە لە عێراق، فیلیپین و بەریتانیاش دەتوانن لە دادگەى دادى نێودەوڵەتى سکاڵا لە دژى ئێران لەسەر ئەو هێرشە تۆمار بکەن". 
 
بۆردوومانى مووشەکیى هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان لە لایەن ئێرانەوە لە 16ى کانوونى دووەمى 2024، وایکرد هەمان رۆژ وەزارەتى دەرەوەى عێراق لە ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى سکاڵا تۆماربکات. ئەو سکاڵایە دوو نامەی هاونێوەڕۆک بووە کە ئاڕاستەى سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکى ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى کردووە.
 
پێشکێشکردنى سکاڵاکە لەسەر بنەماى مادەى 51ى بەندى شەشەمی پەیماننامەى نەتەوە یەکگرتووەکانە کە تێیدا ئاماژە بەوە دەکات، "ئەندامانى نەتەوە یەکگرتووەکان مافى بەرگریکردن لە خۆیان هەیە لە بەرامبەر هەر هێزێکى سەربازی کە دەستدرێژى بکاتە سەر و ئەنجوومەنى ئاسایش بۆى هەیە رێکارى پێویست بگرێتەبەر بۆ پارێزگاریکردن لە ئاشتى و ئاسایشى  نێودەڵەتى."
 
سکاڵاى وڵاتێک لەرێگەى نوێنەرە هەمیشەییەکەیەوە رادەستى سەرۆکى ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى دەکرێت.
 
بەگوێرەى مادەى یەکى پەیڕەوى نێوخۆى ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەڵەتى، سەرۆکى ئەنجوومەنى ئاسایش، ئەگەر بە پێویستی بزانێت، دەتوانێت بانگهێشتى ئەندامان بکات بۆ کۆبوونەوە، بەگوێرەى مادەى دووى پەیڕەوەکە، سەرۆکى ئەنجوومەنى ئاسایش دەتوانێت لەسەر داواى یەکێک لە ئەندامانى ئەنجوومەنیش داواى کۆبوونەوە بکات.
 
یەکێک لە رێگەکانى دیکە ئەوەیە کە بەگوێرەى مادەکانى 35 یان 11ى پەیماننامەى نەتەوە یەگرتووەکان، کۆمەڵەى گشتیى نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجوومەنى ئاسایش ئاگاداربکاتەوە لە ململانێیەک یان دۆخێک و راسپاردەى بداتێ، ئەوکاتە سەرۆکى ئەنجومەنى ئاسایش دەتوانێت داواى کۆبوونەوە بکات.
 
بەگوێرەى مادەى هەشتى پەیرەوى نێوخۆى ئەنجوومەنى ئاسایش، ئەمیندارى گشتیى نەتەوە یەکگرتووەکان لانیکەم بەر لە سێ رۆژ لە کوبوونەوەکە کارنامەکەى دەنێرێت بۆ ئەندامانى ئەنجومەنى ئاسایش و مادەى 36 ى پەیماننامەى نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوەدەکات کە ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى دەتوانێت ئەو راسپاردانە پەسەند بکات بۆ یەکلاکردنەوەى ناکۆکیى  نێوان دوو لایەنى ناکۆک.
 
د. یادگار کەمال ئەحمەد، پسپۆڕى یاسای گشتیى نێودەوڵەتى لەکاتی بەشداریکردنى لە پۆدکاستی رووداوى عێراق رایگەیاند، کۆمەڵەى گشتیى نەتەوە یەکگرتووەکان، لە کۆبوونەوەى ئاساییی بەردەوامی خۆیان و عێراق دەیەوێت لە رێگەى سکرتێرى گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە کۆدەنگییەک دروست بکات و بڵێن زۆرینە بێت، بۆ ئەوەى کە ئەو کارەى ئێران بەرامبەر بە عێراق کردوویەتى بەگوێرەى دوو بڕگەى مادەى 11ى پەیماننامەى نەتەوە یەکگرتووەکان، کارێکى شەرانگێزانەیە و هەمان نێوەڕۆکیش بۆ ئەنجوومەنى ئاسیش بنێردێت بۆ ئەوەى ئاستێکى جیدیترى بدرێتێ.
 
بەگوێرەى مادەى 39ى پەیماننامەى نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنجوومەنى ئاسایش بڕیار لەسەر ئەوە دەدات کە مەترسی لەسەر ئاشتى هەیە یان کێشەى بۆ دروست بووە یان ئەوەى رووداوەکە کارێکى دوژمنکارانەیە و بۆ ئەوە راسپاردەى دەبێت، لە مادەى 41 داهاتووە: "ئەنجوومەنەکە بڕیار دەدات کە چى گرنگە بگیرێتەبەر بەبێ بەکارهێنانى هێز بۆ جێبەجێکردنى بڕیارەکانى، ئەگەر بەو شێوازەش بڕیارەکانى جێبەجێ نەکرا و بەگوێرەى مادەى 42ى پەیماننامەى نەتەوە یەکگرتووەکان، رێگە بە بەکارهێنانى هێز دەدات بۆ پاراستنى ئاشتى و ئاسایشى نێودەوڵەتى."
 
د. یادگار کەمال ئەحمەد ئاماژەى بەوەدا: "عێراق، فلیپین و بەریتانیا کە هاووڵاتییانیان لە شوێنێکى سیڤیل لە بۆردوومانەکەدا کوژراون، دەتوانن لە دادگەى دادى نێودڵەتى سکاڵا تۆمار بکەن و داواى قەرەبووکردنەوەى مادى بکەن، یان قەرەبووى سەروەرى بکات کە لایەنى بەرامبەر پۆزش بێنێتەوە و بەڵێنى دووبارەنەکردنەوەى بدات."
 
لە هێرشە موشەکییەکەى ئێران بۆ سەر هەولێر، پێشڕەو دزەیی، سەرمایەدار لەگەڵ منداڵێکى، کەرەم میخائیل، سەرمایەدارى کریستیان کە هەڵگرى رەگەزنامەى بەریتانیە لەگەڵ کارگوزارێکى فیلیپینى گیانیان لەدەستدا.
 
هەمان رۆژى رووداوەکە، حکومەت و پەرلەمانى عیراق دوو لیژنەى لێکۆڵینەوەى جیاوازیان پێکهێنا، لیژنەى یەکەم، محەممەد شیاع سوودانى، وەک فەرماندەى گشتیی هێزە چەکدارەکان بە سەرۆکایەتى قاسم ئەعرەجى، راوێژکارى ئاسایشى نەتەوەیی پێکى هێنا و سەردانى شوێنى بۆردوومانەکەیان کرد، لێژنەى دووەم لە هەردوو لێژنەى ئاسایش و بەرگرى و پەیوەندیەکانى دەرەوەی پەرلەمان پێکهێندرا.
 

دەتوانن لێرەوە گوێبیستی پۆدکاستەکە بن