لە زاخۆ خۆپێشاندانێکی گەورە دژی هێرشەکانی ئێران بۆسەر هەولێر بەڕێوەدەچێت
21-01-2024
رووداو دیجیتاڵ
لە زاخۆ و لە نزیک پردی دەلال ئەمڕۆ هەزاران هاونیشتمانی بۆ دەربڕینی هاوخەمی لەگەڵ هەولێر و سەرکۆنەی هێرشەکانی سوپای پاسدارانی ئێران، خۆپێشاندانێکی گەورەیان کرد.
لەکاتی خۆپێشاندانەکەدا، هاونیشتمانیان بە بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان، درووشم بە زمانەکانی کوردی و فارسی و گوتنەوەی سروودی نیشتمانی بەشدارییان کرد. هاوکات مامۆستایانی ئایینی و نوێنەرانی پێکهاتە و ئایینە جیاوازەکان بەشدارییان لە خۆپێشاندانەکەدا کرد.
لەسەر ئەو سەکۆیەی بۆ بەڕێوەبردنی خۆپێشاندانەکە ئامادە کرابوو، وێنەی پێشڕەو دزەیی و ژینەی کچی دانران، هەروەها درووشمی، "ئێوە دەتوانن بمانکوژن، بەڵام ناتوانن ئیرادەمان لەناوببەن"یان بەرزکردەوە و نووسیویشیانە، "شەهیدکردنی ژن و منداڵان هیچ شانازیی تێدا نییە و پشتمان بە خودا قایمە و خودا لە هەموو زاڵمێک بەهێزترە."
لە خۆپێشاندانەکەدا، تاجە گوڵینەی رێزلێنان لەسەر ئەو سەکۆیەی بۆ خۆپێشاندانەکە ئامادە کرابوو، لەلای وێنەی پێشڕەو دزەیی و منداڵەکەی دانرا. هەروەها چەند کەسێک گوتاریان پێشکێش کرد.
هانا جووتیار، هاوژینی پێشڕەو دزەیی لەکاتی سەردانی قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ نەخۆشخانە لەبارەی رووداوەکە پێی راگەیاندن، "دوو منداڵم هەیە کچێک و کوڕێک، ئەوان لەگەڵ دایەنەکەیان لە ژووری خۆیان بوون، واتا لە نهۆمی سەرەوە ئێمە پێنج کەس بووین."
لەبارەی پێشڕەوی هاوژینی، هانا جووتیار دەڵێت، "پێشڕەوی هاوسەریشم لە نهۆمی خوارەوە بوو میوانێکی هەبوو کە هاوڕێی بوو ناوی کاک کەرەم بوو، ئەو کەسێکی ناسراوە لە بەغدا، کورە گەوڕەکەم رۆژ، لەگەڵیان بوو، واتا سێ کەس لە نهۆمی خوارەوە بوون لەگەڵ کەسێکی کارگوزار."
رۆژی پێنجشەممە 18-01-2024 لە دهۆک خۆپێشاندانێکی "سەرانسەری" بۆ دەربڕینی هاوخەمی لەگەڵ هەولێر و سەرکۆنەکردنی هێرشەکانی ئێران بەڕێوەچوو؛ هاوکات سێ رۆژ ماتەمینیش راگەیێندرا. هەروەها رۆژی 16-01-2024یش لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر خۆپێشاندان دژی هێرشەکانی ئێران بەڕێوەچوو.
کاژێر 23:30 خوولەکی دووشەممە 15-01-2024 بە مووشەک هێرش کرایە سەر شاری هەولێر و بەو هۆیەوە چوار کەس گیانیان لەدەستدا و 16ی دیکە بریندار بوون.
هەر دوای رووداوەکە، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، ئەوان هێرشەکەیان کردووە و ژمارەیەک شوێنیان کردووەتە ئامانج کە "بنکەی تیرۆریستی" و "گرووپە دژبەرەکانی ئێران" بوون.
یەکێک لەو شوێنانەی کرایە ئامانج، ماڵی سەرمایەداری کورد پێشڕەو دزەیی، سەرۆکی گرووپی فاڵکۆن بوو، کە لەگەڵ کچە بچووکەکەی، میوانێکی و کارگوزارێکی ماڵەکە گیانیان لەدەستدا.
هەر لە هێرشەکەدا هانا جووتیار، کە هاوژینی پێشڕەوە، لەگەڵ رەوان پێشڕەو تەمەن حەوت ساڵ و رۆژ پێشڕەو، کە تەمەنی 25 ساڵە و لەگەڵ باوکی کاری دەکرد، بریندار بوون.
قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق سێشەممە 16-01-2024 رایگەیاند، لەگەڵ ئەندامانی لیژنەی لێکۆڵینەوە چوونەتە ماڵی ئەو سەرمایەدارەی لە هەولێر بەئامانج کرا، "دەرکەوت بانگەشەکانی باس لەوە دەکەن بارەگای مۆسادە، راست نین."
ئەعرەجی لە راگەیێندراوەکەیدا جەختی کردووەتەوە لەوەی "لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبین لە کۆبوونەوەکانمان لەمبارەیەوە و راپۆرتی خۆمان بۆ فەرماندەی گشتی بەرزدەکەینەوە."