گەڕاندنەوەی 300 هەزار دۆنم زەوی بۆ جووتیارانی کورد و تورکمان بووە یاسا؛ واتای چییە؟

 
رووداو دیجیتاڵ

دوای مشتومڕی زۆری کورد، شیعە، سوننە؛ پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەی زەوی بۆ خاوەنەکانیان دەنگی لەسەر درا و بووە یاسا. یاساکە پەیوەندیی بە 300 هەزار دۆنم زەویی کورد و تورکمان لە کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکانی دیکە هەیە.
 
یەکەمجارە پەرلەمانی عێراق بە پاکێجێک، بڕیارەکانی سەردەمی بەعس هەڵبوەشێنێتەوە. هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکان دەرگا لەبەردەم چارەسەری کێشەی خاک لە زۆر ناوچە و شوێنی کوردستانی دەکاتەوە، ئەگەر بە رێکوپێکی جێبەجێ بکرێت.
 
قەرەبوو و گەڕاندنەوەی زەویوزار بۆ خاوەنەکانیان
 
پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەی زەویوزار، یەکێک بوو لەو پڕۆژەیاسایانەی کورد بە کۆی دەنگی فراکسیۆنەکان کۆک بوون لەسەری. کۆکبوونی فراکسیۆنەکان لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەی ئێوارەی رۆژی سێشەممە 21-01-2025 دەرکەوت، کە تێیدا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی، "پەسندکردنی پڕۆژەیاساکە بەرهەمی شەونخونیی دوو ساڵی فراکسیۆنە جیاوازەکان بوو."
 
جەمال کۆچەر، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق گوتی، "هەنگاوێکی گرنگ بۆ گەڕاندنەوەی زەویوزاری دەستبەسەرداگیراو بەهۆی بڕیارەکانی بەعسەوە نرا."
 
 
پڕۆژەیاساکە لەلایەن حکومەتەوە بە پێنج مادەوە بەرزکرایەوە، بەڵام لیژنەی یاسایی دوای چەندین مانگ مشتومڕ کۆمەڵێک ناوچەی دیکەی لە مەخموور، خانەقین و دوجێل زیادکرد. سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو دەڵێت، "زۆربەی بڕیارەکانی بەعس کە لە چوارچێوەی پڕۆژەیاساکە پێشنیاز کرابوون، هەڵوەشێندرانەوە."
 
چەندین ساڵە سوپای عێراق لە کەرکووک و ناوچەی دیکە، بە بیانووی ئەوەی ئەو زەوییانەی کورد خاوەندارێتییان بۆ دەوڵەت دەگەڕێتەوە و لە چوارچێوەی ئەو بڕیارانەدا دراونەتە وەزارەتەکانی بەرگری و دارایی، رێگری لە جووتیار و خاوەن زەوییەکان دەکەن. ئەو کێشەیە لە 5 گوندی سەرگەڕان، تۆپزاوە لە کەرکووک، داقووق و ناوچەی دیکە بە زەقی دەرکەوتووە، تەنانەت رێگرییش لە جووتیاران کراوە کە زەوییەکانیان بکێڵن.
 
یاساکە سێ بەشی سەرەکی دەگرێتەوە، یەکەمیان بڕیاری ژمارە 369ی 1975ـە کە سنوورەکانی دووبز، تۆپزاوە، بەشێکی داقووق و لەیلان دەگرێتەوە، بە کۆی گشتی 123 هەزار دۆنم زەوییە و موڵکی کوردە و جووتیاران بەڵگە و دۆکیۆمێنتی خاوەندارێتییان هەیە، واتە ئیدی دەبێت بگەڕێندرێنەوە بۆ خاوەنەکانیان.
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئەوەی ئەگەر لە شوێنی ئەو زەوییانە ماڵ یان بارەگای تێدابوو، چی دەکرێت؟ جەمال کۆچەر دەڵێت، "دەبێت خاوەن زەوی قەرەبوو بکرێتەوە."
 
یاسایەکی دیکەی هەڵوەشاوە، یاسای ژمارە 824ی ساڵی 1976ـە، زیاتر لە 9 گوندی ناوچەی داقووق دەگرێتەوە، کە زەویی شێخەکانی تاڵەبانین و نزیکەی 38 هەزار دۆنم زەوین؛ هەروەها بڕیاری 949 هەڵدەوەشێنێتەوە، کە 10 گوند لە سنووری سەرگەڕان و دوو گوند لە سنووری پردێ دەگرێتەوە و کۆی گشتیی ئەو بڕیارە 44 هەزار دۆنم زەوی دەگرێتەوە.
 
ئەوانی دیکە رووبەری جیاواز دەگرنەوە، کە بەشێکیان لەنێو کەرکووکن، زیاتر زەویی تورکمانن لە ناوچەی تسعین و بەشێکیان لە دەوروبەری کەرکووکن.
 
رەگ و ریشەی کۆن بە یاسایەک چارەسەر کرا
 
پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەی زەویوزار لە 2012ـەوە هەیە، هەر جارەی بە شێوازێك نێردراوە بۆ پەرلەمان. نێوەڕاستی ساڵی رابردوو نێردرایەوە پەرلەمان کە لەلایەن محەممەد عەلی تەمیم، وەزیری پلاندانانی عێراق پێشنیاز کرابوو.
 
لە پێشنیازەکەدا قەرەبووکردنەوەی خاوەن زەوییەکان و هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی سەردەمی بەعس هاتبوو، بەڵام نوێنەرانی کورد تێبینییان هەبوو و دەیانگوت، ئەو پڕۆژەیاسایە ئەو زەوییانەی لێ دەرهێندراوە کە خراوەتە سەر وەزارەتەکانی نەوت و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، بۆیە لەلایەن لیژنەی یاسایی دەستکاری کرا، کە کورد سەرۆکایەتیی لیژنەکە دەکات.
 
خاڵێکی دیار بۆ فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەو پرسەدا یەکدەنگییان بوو، کە ماوەی چەند مانگێک بوو پێکەوە هەوڵیان دەدا بۆ دەنگدان لەسەری، تاوەکو بووە یاسا.
 
دواتر چی دەبێت؟
 
نوێنەرێکی جووتیاران لە کەرکووک دەڵێت، "بە دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاساکە، حکومەت پابەند دەکرێت لە رێگەی لیژنەوە بڕی قەرەبووەکە دیاری بکات بۆ خاوەن زەوییەکان. یەکێک لە مەرجەکانى گەڕاندنەوەى ئەو موڵکە داگیرکراوانە ئەوەیە، خاوەنەکەى لە سەردەمى دەسەڵاتى رژێمى پێشوودا قەرەبوو نەکرابێتەوە."
 
ساتع ناسیح، نوێنەری جووتیاران لە کەرکووک رۆژی 03-11-2024 لە بەرنامەی لەگەڵ رەنج گوتی، "ئەو زەوییانەی کەرکووک بە 13 بڕیار دەستیان بەسەرداگیراوە و (ئیستیملاک) کراون، بڕیاری 369 لە 31ی ئاداری 1975 دەرچووە. ئەو بڕیارە لەژێر ناونیشانی (بەرژەوەندیی گشتی) دەرچووە، لەو چوارچێوەیەدا 135 هەزار دۆنم دەستیان بەسەردا گیراوە. لە هەندێک بڕگەشدا هۆکارەکەی باس کردووە کە ناوچەی نەوتی و سەربازین."
 
ئەو نوێنەرەی جووتیاران گوتیشی، "تسعینی کۆن دانیشتووانەکەی تورکمانی شیعەن. دوو کەرتی 39 و 63یان هەیە لەنێو بڕیارەکەدایە و ئیستیملاک کراون. لەولاتر گوندی عەدلیە هەیە، کە عەرەبی تێدا نیشتەجێ بووە و ئەوی لێ دەرکراوە، دواتر گوندی تۆپزاوە لە کەرتی 24  ئیستیملاک کراوە."
 
نوێنەرەکەی جووتیاران ئەوەشی خستەڕوو، "ئەو زەوییانە هەمووی تاپۆی کاتی عوسمانییەکانیان هەیە و دوای راگواستنی خەڵکەکە، زەوییەکانیان بەسەر عەرەبی هاوردە و عەشائیری کەرکووکدا دابەشکران."
 
ئەو زەوییانە ئێستا کێشە بۆ جووتیارەکانیان دروست دەکرێت و رێگری دەکرێت زەوییەکانیان بکێڵن.
 
لەمەودوا جووتیارانی کورد لە ناوچە جیاوازەکان پشتئەستوورن بە بڕیاری پەرلەمانی عێراق و دەقی یاساییان لەپشتە بۆ کارکردن لەسەر زەوییەکانیان.