شوێنەواری سلێمانی: خانووە کەلەپوورییەکان بەهۆی نەبوونی بودجە بۆ کڕین و نۆژەنکردنەوەیان لەنێودەچن
رووداو - سلێمانی
خانوویەکی کەلەپووری لە گەڕەکی شێخانی سلێمانی، کە مێژووکەی بۆ نزیکەی 100 ساڵ لەمەوپێش دەگەڕێتەوە، بە هۆکارێکی نادیار رۆژی پێنجشەممە ئاگریگرت. خانووەکە بڕیاربوو دوای نۆژەنکردنەوەی بکرێتە ناوەندێکی کلتووری.
لەتیف مەحموود ماڵی بەرامبەر خانووە سووتاوەکەیە و دەڵێت، زۆربەی خانووەکانی گەڕەکەکە هاوشێوەی ئەو خانووە بە هۆکاری جیاواز تێکچوون، "ترسمان لە ئاگر هەیە، چونکە خانووەکان سەقفیان لە دارە، بچووکترین ئاگر کارەساتی لێدەکەوێتەوە، ئەم خانووەش کە سووتا، یەکێک بوو لە هەرە خانووە جوانەکانی ئەم گەڕەکە و سلێمانی، بەڵام وا لەناوچوو، لەم گەڕەکەش 64 خانووی کەلەپووریمان هەیە، رەنگە 10 خانووی نەمابێتەوە، ئەوەی دیکە لەناوچووە."
زۆربەی خانووە کەلەپوورییەکانی سلێمانی کەوتوونەتە گەڕەکەکانی جوولەکان، سەرشەقام، دەرگەزێن، سابوونکەران، مەڵکەندی، شێخان، کانێسکان و ئابڵاخ.
شێرزاد شانێڵ یەکێکە لە خەمخۆرەکانی خانووە کەلەپوورییەکان، مێژووی بەشێک لە خەڵکی سلێمانی و گەڕەکەکانی ئەرشیف کردووە، داواکارە پارێزگاری لەو خانووانە بکرێت.
ئەو هاونیشتمانییە دەڵێت، "کە بەم کۆڵانانەدا دەڕۆم، گریانم بۆ ئەم دۆخە دێت، داواش دەکەم لە پەرلەمانی داهاتووی کوردستان بودجەیەک بۆ ئەم خانووانە تەرخان بکەن، بۆئەوەی بپارێزرێن."
بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری سلێمانی لەم دۆخەی خانووە کەلەپوورییەکان ناڕازییە، داواکارە بودجە بۆ کڕینەوە و نۆژەنکردنەوەی خانووەکان تەرخان بکرێت.
نەوشیروان عەزیز، بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپوور لە بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری سلێمانی دەڵێت، "بەشێکی زۆری هۆکاری لەناوچوونی ئەم خانووانە نەبوونی بودجەیە لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری سلێمانی، کە دەستبکات بە کڕینەوە یان نۆژەنکردنەوە. پێشتریش هەر لایەنێک لە شارەوانی و پارێزگا و شوێنەوار و لایەنەکانی دیکە رێنوێنیی خۆی بۆ پاراستنی خانووە کەلەپوورییەکان هەبوو، بەڵام ئێستا لیژنەیەکمان پێکهێناوە و رێنوێنیمان ئامادە کردووە."
بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری سلێمانی لە ساڵی 2005ـەوە 106 خانووی کەلەپووریی لە سلێمانی دیاریکردووە.
یەکێک لە میراتەکان کە بۆ هەر مرۆڤێک لە هەر وڵاتێکدا دەمێنێتەوە، شوێنە کەلەپووری و شوێنەوارییەکانیەتی، کە پێناسەی نەتەوەکەی دەکات، بەڵام ئێستا لە سلێمانی زۆرێک لەم میراتە لەناوچووە یان خەریکە لەناودەچێت، بە جۆرێک لە کۆی هەشت گەڕەک تەنیا 14 خانوو کڕدراونەتەوە و دراوە بە شوێنەواری سلێمانی، لەمەش تەنیا پێنج دانەی نۆژەن کراوەتەوە.