گەڕانەوەی کۆچبەرانی کورد لە لیبیا دواخرا
رووداو دیجیتاڵ
گەڕانەوەی کۆچبەرانی کورد لە لیبیا دواخرا و هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لەو وڵاتە روونکردنەوە دەدات.
بڕیاربوو ئەمڕۆ چوارشەممە 21-01-2026 کاروانی یەکەمی کۆچبەرانی کورد کە لە لیبیا گیریانخواردبوو، بە فڕۆیەکی تایبەتی سەربازی بگەڕێندرێنەوە، بەڵام ئەحمەد سەحاف، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا ئەمڕۆ چوارشەممە 21-01-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەهۆی نالەباریی کەشوهەوا گەڕانەوەی ئەمڕۆی ئەو کۆچبەرانە بۆ سبەی پێنجشەممە 22ی مانگ دوادەکەوێت."
بە گوتەی ئەحمەد سەحاف، "کاروانی دووەمی گەڕانەوەی کۆچبەرانیش بە هەمان شێوە رۆژێک دوادەکەوێت و دەکەوێتە 23ی مانگ، ئەگەر دۆخی کەشوهەوا سەقامگیر بێت."
هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا جەختی لەوە کردەوە، باڵیۆزخانەکەیان هاوئاهەنگیی لەگەڵ لایەنە نیشتمانییە پەیوەندارەکان دەکات بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئەو کۆچبەرانە.
رۆژی سێشەممە 20-01-2026 سروە رەسووڵ، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان (JCC) لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لەم دوو رۆژەدا نزیکەی 200 کۆچبەر لە لیبیاوە دەگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان. حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام لەسەر هێڵ بووە بۆ ئەوەی ئەم کۆچبەرانە و ئەوانەی دیکەش کە ماون، بگەڕێنێتەوە."
بەڕێوەبەری گشتیی (JCC) ئاماژەی بەوەش کرد، تێچووی گەڕانەوەی ئەم کۆچبەرانە لەسەر ئەستۆی حکومەت دەبێت و گوتیشی، "مانگی رابردووش 102 کۆچبەری دیکەمان گەڕاندەوە هەرێمی کوردستان."
لای خۆیەوە دوێنێ سێشەممە، ئەحمەد سەحاف، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا بە رووداوی راگەیاند، ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی ناویان تۆمار کردووە گەیشتووەتە 189 کەس و ژمارەکەش روو لە زیادبوونە.
سەبارەت بە کاتی گەڕانەوەیان، ئەحمەد سەحاف گوتی، " چوارشەممە وەک کاروانی یەکەم 100 کۆچبەر بە فڕۆکەی سەربازیی عێراقی دەگەڕێندرێنەوە و رۆژی پێنجشەممەش کاروانی دووەم بەڕێ دەکەون."
لەبارەی لایەنی هونەریی گەشتەکان، د. موسەننا ئەمین، پەرلەمانتاری عێراق بە رووداوی راگەیاند، بەهۆی ئەوەی فڕۆکە سەربازییە بارهەڵگرەکان جێگەی نزیکەی 130 سەرنشینیان تێدا دەبێتەوە، بۆیە یەک فڕۆکە بەشی هەموویان ناکات و دوو فڕۆکە بۆ گواستنەوەیان تەرخان کراوە.
ئەو پەرلەمانتارە تیشکی خستە سەر رەوشی کۆچبەرەکان لە دەستی قاچاخچییەکان و گوتی، "قاچاخچییەکان لە بەرانبەر ئازادکردنی هەر کۆچبەرێکدا داوای سێ بۆ چوار هەزار دۆلار دەکەن."
گەڕانەوەی ئەم کۆچبەرانە دوای ئەوە دێت، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رەزامەندیی لەسەر تەرخانکردنی فڕۆکەی تایبەت بۆ گەڕاندنەوەی ئارەزوومەندانەی ئەو کۆچبەرانە دەربڕیبوو، کە زۆربەیان لە کاتی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ئەورووپا لە دەریای ناوەڕاست و سنوورەکانی لیبیا و توونس دەستگیر کرابوون.