سەرۆک بارزانی بۆ رووداو: داوای پشتیوانیم بۆ رۆژئاوای کوردستان لە پاپای ڤاتیکان کرد

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆک بارزانی دەڵێ، داوای لە ئەحمەد شەرع کردووە ئەوەی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا روودەدات، نەبێتە شەڕی کورد و عەرەب و دەستدرێژیش نەکرێتە سەر کورد.
 
رۆژی چوارشەممە، 21ی کانوونی دووەمی 2025، سەرۆک بارزانی، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەنتۆنیۆ تایانی، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی دا لە رۆما رایگەیاند: "هەبوونی من لێرە واتای ئەوەیە کە هاتوون بە هانامانەوە."
 
لەبارەی هەڵاتنی چەکدارانی داعش لە زیندانییەکانی سووریا و رۆژئاوای کوردستان، سەرۆک بارزانی گوتی: "ئەمە مەترسییە بۆ سەر هەموومان، لەوانەش ئیتاڵیا. هەموو هەست بەو مەترسییە دەکەین، ئەمە پێویستی بە هاوئاهەنگی و هاوکاری یەکدی هەیە و دەبێت پلانێک بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەمە هەبێت."
 
لە وەڵامی پرسیاری ئاڵا شاڵی، نێردراوی رووداودا سەبارەت بەوەی کە چ داوایەکیان لە پاپای ڤاتیکان کردووە بۆ پاڵپشتیکردنی کورد لە رۆژئاڤا، سەرۆک بارزانی گوتی: "داوامان کردووە پشتیوانیمان بکات بە هێزی مەعنەوی خۆی."
 
ئێوارەی رۆژی سێشەممە 20ی كانوونی دووەمی 2026 سەرۆك بارزانی پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە ئەحمەد شەرع سەرۆكی سووریاوە پێگەیشت.
 
لەبارەی نێوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە سەرۆک بارزانی رایگەیاند: "داوام لێکرد نەبێتە شەڕی کورد و عەرەب و دەستدرێژی نەکرێتە سەر کورد و بە گفتوگۆ هەموو کێشەکان چارەسەر بکەن."
 
لەبارەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا، سەرۆک بارزانی رایگەیاند: "کۆبوونەوەکەمان زۆر زۆر باش بوو، باسی هەموو شتێکمان کرد لەگەڵ وەزیری دەرەوە. باسی ئەمن و سەقامگیری ناوچەکە و پرسە ئابوورییەکان کرد."
 
سەرۆک بارزانی گوتی: "بۆ ئێمە زۆر گرنگە کورد و عەرەب لە ئاشتی دا بژین و هەر شتێکمان لەدەست بێت دەیکەین بۆ ئەوەی شەڕ لەنێوان کورد و عەرەب روونەدات."
 
ئەمڕۆ سەرۆک بارزانی لە ڤاتیکان لەگەڵ پاپا لیۆی چواردەیەم کۆبووەوە. بەگوێرەی راگەیێندراوی بارەگای بارزانی، لە دیدارەکەدا هەردوولا خۆشحاڵیی خۆیان بۆ دیداری نێوانیان دەربڕی وەک دەرفەتێک بۆ ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕا لەسەر بابەتە گرنگەکانی ناوچەکە و جیهان.