پەروەردەی شارەزوور: لە رۆژی جلی کوردیدا ئاهەنگگێڕان نییە

رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەری پەروەردەی شارەزوور رایگەیاند، رۆژی جلی کوردی دەبێت دەوامی فەرمی بکرێت، بەو مەرجەش رێگە بە گەشتی زانستی دەدەن، کە رەزامەندیی کەسوکاری خوێندکار هەبێت.
 
رۆژی دووشەممە 21-2-2022، مەحموود حەمەئەمین، بەڕێوەبەری پەروەردەی شارەزوور بە وەکالەت، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تەواوی قوتابخانەکانی سنوورەکەمان ئاگادارکردووەتەوە، کە رۆژی پۆشینی جلوبەرگی کوردی رۆژی ئاهەنگگێڕان نییە و دەبێت دەوامی فەرمی بکرێت".
 
مامۆستا مەحموود حەمەئەمین ئاماژەی بەوەدا ساڵانە جگە لە رۆژی جلی کوردی: "ئاگامان لێ بوو زۆر قوتابخانە بەناوی رۆژی قوتابخانەوە رۆژێک دەکەنە سەیران و بەڕێوەبردنی چالاکی، ئەوەش ناکرێت و خوێندنێکی زۆر دەفەوتێت، بەتایبەت لەم دۆخەدا کە کۆرۆنا هەیە و پۆلی 12ـەمان هەیە و ناکرێت دوابکەون لە خوێندن".
 
ئاماژەی بەوەشکرد، لە گفتوگۆدان بۆ رێکخستنی رۆژی قوتابخانە بۆ هەموو قوتابخانەکان لە یەک رۆژدا و ئەگەری هەیە لە داهاتوودا 10ی ئادار بۆ ئەو رۆژە دیاری بکەن.
 
سەبارەت بە گەشتی زانستیی قوتابیان، بەڕێوەبەری پەروەردەی شارەزوور گوتی، رێگەیان پێدەدەن بەو مەرجەی پارە لە قوتابی وەرنەگیرێت و رەزامەندی پەروەردەی بۆ وەربگیرێت. گوتیشی: "قوتابخانە نووسراو بۆ دایک و باوکی قوتابی دەکات، ئەویش دەبێت ژمارەی مۆبایلەکەی لەسەر وەڵامەکە بنووسێت و واژۆی رەزامەندی بکات، بۆ ئەوەی لە هەر رووداوێکی نەخوازراو خۆیان بەرپرس بن".
 
لە سنووری پەروەردەی شارەزوور، زیاتر لە 17 هەزار 600 قوتابی لە 70 قوتابخانە دەخوێنن
 
رۆژی 10ـی مانگی ئادار لە هەرێمی کوردستان بە رۆژی جلی کوردی دەستنیشانکراوە.