وەزیری خوێندنی باڵا: فێربوونی زمانی دووەم گرنگە، بەڵام نابێت زمانی یەکەم لەبیر بکرێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەبۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک رایگەیاند، ئەو رۆژە بکرێتە دەرفەتێک بۆ کۆکردنەوە و پێکەوە گرێدانی زیاتری کۆمەڵگەی کوردی و قوڵکردنەوەی یەکڕیزی و یەکێتی نەتەوەیی.
ئەمڕۆ رۆژی جیهانیی زمانی دایکە، د. ئارام محەممەد، وەزیری خوێندنی باڵا بەو بۆنەیەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە، "ئەگەرچی بڕوای تەواومان بەو راستییەیە کە فێربوونی زمانی دووەم کۆڵەکەیەکی گرنگی پڕۆسەی خوێندنە و هۆکاری هاوبەشکردنی بەرهەمی مەعریفە و تێکەڵبوونی کولتوورییە، بەڵام فێربوونی زمانی دووەم نابێت لەسەر حسابی فەرامۆشکردنی زمانی دایک بێت."
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی زانکۆی نیشتمانیی ئوسترالیا، حەوت هەزار زمان و شێوەزار لە سەرانسەری جیهاندا قسەیان پێدەکرێت و، 1500 زمان و شێوەزار لە سەرانسەری جیهان مەترسیی ئەوەیان لەسەرە تاوەکو کۆتایی ئەم سەدەیە لەنێوبچن.
وەزیری خوێندنی باڵا لە پەیامەکەیدا رایگەیاند، "پەرەپێدانی زمانی دایک ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی و مۆڕاڵی و زانستییە و فاکتەری بنچینەیی پاراستنی ناسنامەی نەتەوەییمانە. وەک وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی تێڕوانین و پلانی درێژخایەنمان هەیە بۆ پەرەپێدانی زیاتری زمانی کوردی، جێگەی خۆشحاڵییە کە ئێستا بەشەکانی زمان و ئەدەبی کوردی لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان لە رووی مەعریفی و توانای مرۆییەوە لە ئاستێکی بەرزدان".
هەروەها لەبارەی زمانی کوردیشەوە وەزیری خوێندنی باڵا دەڵێت، "زمانی شیرینی کوردی، لە رووی مێژوویی و قووڵایی پێکهاتە بنچینەییەکانی زمان، بە یەکێک لە زمانە هەرە دەوڵەمەندەکانی مێژووی مرۆڤایەتی ئەژمار دەکرێت، بڕوامان وایە کە زمانی دایک رۆڵی سەرەکی دەبینێت لە گەشەکردنی هزری و سایکۆلۆجی و بنیادنانی کەسایەتی تاکەکانی کۆمەڵگە و بنەمای سەرەکیی پڕۆسەی خوێندن و فێربوونە".